زووم، ئاژانسەکان:
کاتێک فیکەی دەستپێکی یاریی کۆتای مۆندیال لێدەدرێت سەرجەم چاوەکان دەچنە سەر لیۆنێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ، بێئاگا لەوەی لەم نێوەندەدا ئەستێرەی سێیەمیش هەیە، کە هەمیشە دەبێتە جێگەی سەرنجی هەمووان هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی یاریگە، ئەویش داوەری یارییەکەیە.
سیمۆن مارچینیاکی پۆڵەندیی، دەبێتە ئەستێرەی سێیەمی یاریی کۆتایی، بەوپێیەی لەلایەن لیژنەی داوەرانی فیفاوە وەکو داوەری یەکەمی یاریی کۆتایی مۆندیال دەستنیشانکراوە.
سیمۆن مارچینیاکی سێیەم ناوبژیوانی پۆڵەندییە کە بەشداری مۆندیال دەکات
مارچینیاک دەبێتە سێیەم ناوبژیوانی پۆڵەندی، کە بەشداری مۆندیال بکات، دوای هەریەکە ئالۆیزی یارگۆز لە مۆندیالی ١٩٨٢ هەروەها ریچارد ڤۆزێک لە مۆندیالی ١٩٩٨.
مارچینیاک تەمەنی 41 ساڵە، لە ساڵی ٢٠١١ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی لە فیفا وەرگرتووە، تاوەکو ئێستا ئەزموونی بەڕێوەبردنی 39 یاریی هەیە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا.
سیمۆن مارچینیاک کەمترین کارتی بە رووی یاریزاناندا بەرزکردووەتەوە
داوەرە پۆڵەندییەکە، بەوە ناسراوە پەلە ناکات لە پێدانی کارتی زەرد و سور، کەمترین جار کارتی رەنگاوڕەنگی بە رووی یاریزاناندا بەرزکردووەتەوە، لە یاریی نێوان فەرەنسا و دانیمارکدا تەنها سێ کارتی زەردی بەکارهێناوە، لەکاتێکدا لە یاری ئەرجەنتین و ئوسترالیا تەنها لە دوو کاتدا پەنای بۆ کارتی زەرد بردووە.
ئەمە دووەم مۆندیالە داوەرە پۆڵەندییەکە بەشداریی تێدادەکات، لە مۆندیالی 2018ی رووسیا سێ یاریی بەڕێوەبردووە، لە مۆندیالی ئەمساڵیشدا سێ جار وەکو داوەری سەرەکیی بەشدار بووە.
سیمون مارچینیاک ساڵی 2015 یەکەم “یاریی کۆتایی” لە ژیانی وەرزشیدا بەڕێوەبردووە لە پاڵەوانێتی ئەوروپای خوار تەمەن ٢١ ساڵان لە نێوان سوید و پورتوگال.