زووم:
بەگوێرەی تازەترین ئامار، رووداوەکانی 24 کاتژمێری رابردووی نێو زیندانی کەرەجی سەر بە پارێزگای ئەلبورزی ئێران، کوژراوێک و 50 برینداری لێکەوتووەتەوە.
گرژییەکانی نێو زیندانی کەرەج ئەوکاتە دەستیپێکرد، کە پاسەوانەکان چەند زیندانییەکیان لە هۆڵی چواری زیندانەکەوە گواستووەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی وەکو ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، “لەوکاتەدا ژمارەیەک زیندانی راپەڕیون و شەڕ لەنێوان زیندانیان و پاسەوانانی زیندانەکە روویداوە”.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، توڕەیی و ناڕەزایی زیندانییەکان بە خێڕایی لەنێو هەموو بەشەکانی دیکەی زیندانەکە بڵاوبووەتەوە و پاسەوانەکانیش سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ و دواتریش بە گوللەی راستەقینە هێرشیان کردووەتە سەریان.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، بەوهۆیەوە کەسێک کوژراوە و لانیکەم 50 کەسیش بریندار بوون، کە دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە.
ئاژانسی ئیسنای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە زاری فازڵ هەربکەندی سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای ئەلبورزەوە، بڵاویکردووەتەوە، “رووداوەکە لە بەشی مادە هۆشبەرەکانی زیندانەکە روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە”.
هەربکەندی، گوتوویەتی، زیندانییەکە لە ئاکامی هەڵدانی بەردێک لەلایەن زیندانییەکی دیکەوە گیانی لەدەستداوە، “واتە بە گوللەی پاسەوانەکان نەکوژراوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانی دوێنێ لە زیندانێکی تاران دوو کەس لەسێدارەدران، کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزاکەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم رووداوانە لەکاتێکدان، ژمارەی دەستگیرکراوان بەهۆی خۆپیشاندانەکانی سێ مانگی رابردووەوە زیادی کردووە و بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، کاربەدەستانی دادوەریی ئێران، دەستیان بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیاتری زیندانیان کردووە کە پێشتر سزاکانیان هەڵپەسێردرابوو.