لەنێو قەیرانى سیاسی قوڵ و لێکترازاندا، ئەمڕۆ شەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2022، تونسییەکان روویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانی نوێى پەرلەمان.
ئەمڕۆ رۆژێکى جیاواز بوو بۆ تونسییەکان، نەک تەنها لەبەرئەوەى هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچێت، بەڵکو ئەمڕۆ یادى ئەو شۆڕشەبوو کە بە خۆسوتاندنى گەنجێک سەریهەڵدا و کۆتایی بە دەسەڵاتى 23 ساڵەى زەین عابدین بن عەلی سەرۆککۆمار هێنا.
17ی کانوونی یەکەمی 2010، گەنجێکی تونسی لە ویلایەتی “سيدی بوزيد” بەناوى “محەمەد بوعەزیزى” وەکو ناڕەزایی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی عەرەبانەکەی لەلایەن شارەوانییەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، ئەم رووداوە دۆخەکەى تەقاندەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوانى لێکەوتەوە، 4ى کانوونى دووەمى 2011 بوعەزیزى بەهۆى زۆرى رێژەى سوتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا، خۆپیشاندانەکان هێندەى دیکە فراوانبوون، 10 رۆژ پاشتر و لە 14ی کانوونی دووەم، زەین عابدین بن عەلی ناچاربوو دەستبەردارى دەسەڵات بێت و لە وڵات هەڵهات.
ئەمرۆ یادی شۆرشی 2010یە لە تونس
هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆی تونس، هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە، پاش قەیرانێکی سیاسی قوڵ دێت، کە بەهۆی بڕیارەکانی “قەیس سەعید”ى سەرۆککۆماری ئێستاى تونسەوە لە تەمووزی 2021ەوە سەریهەڵداوە، لەم هەڵبژاردنەدا 1058 کاندید کێبڕکێ لەسەر 161 کورسی پەرلەمان دەکەن کە تەنها 120 کاندیدیان مێن.
قەیس سەعید، مامۆستاى زانکۆ بوو، لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2019دا خۆى بۆ سەرۆککۆمار کاندید کرد و توانى هەڵبژاردنەکە بباتەوە، بەڵام بە پێچەوانەى ئەوەى چاوەڕواندەکرا، قەیس سەعید چەندین بڕیار و رێکاریی توندى گرتەبەر کە لەناوخۆ و دەرەوەى تونسیش نیگەرانى لێکەوتەوە.
لە 25ی تەمووزی 2021، قەیس سەعید سەرۆککۆماری تونس، پاڵپشت بە ماددەی 80ی دەستووری وڵاتەکە، ژمارەیەک “رێکاری نائاسایی” راگەیاند، ئەوەش پاش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردە سەربازیی و ئەمنییەکان، گرنگترین رێکار و بڕیارەکان بریتی بوون لە:
- سڕکردن و هەڵپەساردنی پەرلەمان و هەڵگرتنی حەسانە لەسەر سەرجەم پەرلەمانتاران.
- لابردنی سەرۆکوەزیران و گرتنەدەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن خودى خۆیەوە.
- گرتنەدەستی کارەکانی داواکاری گشتی لەلایەن خۆیەوە.
قەیس سەعید، لە تەموزی ساڵی رابردووەوە. سەرجەم دەسەڵاتەکانی وڵاتی گرتۆتە دەست
لە کانوونی یەکەمی 2021 قەیس سەعید رایگەیاند، رێکارەکان تا 17ی کانوونی یەکەمی 2022 بەردەوام دەبێت و لەو رێکەوتەدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت.
یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، مشتومڕی دروستکرد
ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەى یاسایەکی نوێ بەڕێوەدەچێت، کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پەسەندکراوە، یاسا نوێیەکە، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانى بۆ 161 کورسی کەمکردەوە، لەکاتێکدا لە رابردوودا 217 کورسی بوو، 151 کورسی بۆ بازنەی هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ و 10 کورسی بۆ بازنەی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی وڵات تەرخانکرا.
هەڵبژاردنەکە سیستمی فرەبازنەیی رەچاو دەکات و وڵاتەکە بەسەر 161 بازنەدا دابەشکراوە، دەنگدەر تەنها دەنگ بە کاندید دەدات، بەمشێوازەش، رۆڵی حزب و پارتە سیاسییەکان لە پرۆسەکەدا لاواز بووە.
سیستەمی هەڵبژاردنەکان ئاڵۆزە
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هەر کاندیدێک لە بازنەیەکدا دەنگی زۆرینە 50+1 بەدەستبهێنێت راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی پەرلەمان، ئەگەریش هیچ کاندیدێک لە دەنگی زۆرینە بەدەست نەهێنێت، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن کێبڕکێ تەنها لە نێوان دوو کاندید دەبێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە لەوبازنەیەدا، گەڕی دووەم لە ماوەی دوو هەفتە دەبێت لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن.
دەستووری نوێی تونس پەرلەمانی بێدەسەڵات کردووە
قەیس سەعید تەنها بە هەڵپەساردنى پەرلەمانەوە نەوەستا، بەڵکو بڕیارى هەموارکردنەوە و نووسینەوەى دەستوورێکى نوێى بۆ وڵاتەکەشدا، سەرەنجام 25ی تەمووزی ئەمساڵ، هاوڵاتیانی تونس دەنگیان دا بە دەستووری نوێی وڵات کە دەنگی %94 هاوڵاتیانی بەدەستهێنا لەگەڵ گومانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجامەکان.
رەخنەى ئەوە دەگیرێت، بەگوێرەى دەستوورە نوێیەکە پەرلەمان بێدەسەڵات کراوە، هەر ئەمەش وایکرد 12 پارتی سیاسی بڕیار بدەن بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکەن، کە دیارترینیان بریتی بوون لە:
- پارتی هەستانەوە – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی 53 کورسی بوو
- پارتی دڵی تونس – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی 28 کورسی بوو
- هاوپەیمانی شکۆمەندی – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی 18 کورسی بوو
- رەوتی دیموکراتی – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی 22 کورسی بوو
- پارتی دەستوری ئازاد – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی 16 کورسی بوو
- پارتی ئاسۆی تونس – لە پەرلەمانی هەڵپەسێردراو خاوەنی دوو کورسی بوو
قەیرانی ئابورى و خۆپیشاندانەکان بەردەوامن
لە پاش شۆڕشی تونس لە 2010، قەیرانی ئابوری بەرۆکی ئەو وڵاتەی بەرنەداوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی وزەی جیهانی قەیرانە ئابورییەکانی تونسی قوڵتر کردووەتەوە، بەر لە هەفتەیەکیش لە هەڵبژاردنەکان، خۆپیشاندەران هاتنە سەر شەقام و سەرۆککۆماریان بە ئەنجامدانی “کودەتا دژی دیموکراسی” تۆمەتبارکرد.
خۆپیشاندەران دەڵێن بێکاریی و هەڵئاوسان زیادی کردووە، دروشمی “ئازادی” و “نا بۆ دەوڵەتی پۆلیسی”یان گوتەوە، سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت “خۆپیشاندان بێ تام و بێ رەنگە”.
قەیس سەعیدى سەرۆککۆماریش پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات بەوەى دەستى دەرەکییە لە پشتە و دەڵێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی هاوپەیمانیان بەستووە، بە دوای دەسەڵاتەوەن و گوێ بە داواکاری گەل نادەن.