بەگوێرەى زانیاری میدیاکانى ئەمریکا، لیژنەى لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس سەبارەت بە “ئاژاوەگێڕییەکانی” ساڵی رابردووی کاپیتوڵ، سێ تۆمەتی “تاوانکاری” لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێشنیاز دەکات.
رۆژى 6ى کانوونى دووەمى 2021، لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس، لە هەوڵێکدا رێگرى لە بەفەرمى دەستبەکاربوونى جۆ بایدن، سەرۆکى نوێی ئەمریکا بکەن.
لیژنەکەی کۆنگرێس، رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەم، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئاشکرا دەکات و دەنگ لەسەر ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ ترەمپ دەدات.
بەگوێرەى میدیاکانی ئەمریکا، لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەران داوای تۆمەتێکی بێ وێنە لە دژی ترەمپ دەکات، ئەویش تۆمەتى “یاخیبوونە”.
بەگوێرەى ماڵپەڕى پۆلیتکۆی ئەمریکی، لیژنەکەى کۆنگرێس بە نیازە سێ تۆمەت دژ بە ترەمپ بۆ وەزارەتی داد پێشنیاز بکات، ئەوانیش: یاخیبوون، رێگریی لە رێکارە فەرمییەکان (رێکارەکانی پەسەندکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی)، پیلانگێڕی بۆ فریودانی حکومەت.
لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەران داوای تۆمەتێکی بێ وێنە لە دژی ترەمپ دەکات
لیژنەکەى کۆنگرێس لە حەوت ئەندامی دیموکرات و دوو کۆماری پێکهاتووە. ماڵپەڕى پۆلیتکۆ دەڵێت، پاساوی ورد بۆ ئەم سێ تۆمەتە دەخەنەڕوو، پێدەچێت ببێتە هۆی سزادانى ترەمپ بە زیندانیکردن و قەدەغەکردنی وەرگرتنی پۆستێکی گشتی لە ئەمریکا.
لیژنەکە دەسەڵاتی ئاراستەکردنی تۆمەتیان نییە، بەڵام بەگوێرەى بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی بەردەمیان دەتوانن پێشنیاز بۆ وەزارەتی داد بکەن، کە چی تۆمەتێک ئاراستەی تۆمەتبار بکەن.
لە دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی 2020ی ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، ترەمپ هەوڵیدا بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
لەو سەروبەندەدا لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، نزیکەی 900 کەس پەیوەست بەو دۆسیەیە دەستگیرکراون، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان لەلایەن دادگا سزادراون.
دوو رۆژی دیکە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دورودرێژەکان رادەگەیەندرێت
لیژنەکەى کۆنگرێس، گوتەی نزیکەی هەزار شایەتحاڵی کۆکردووەتەوە بۆ سەلماندنى “تاوانبار”ی ترەمپ.
دوو رۆژی دیکە لە دانیشتنێکی گشتیدا لیژنەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دورودرێژەکانى رادەگەیەنێت.