خۆپیشاندانەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان سێ مانگى تێپەڕاند، بەگوێرەى دواین ئامار ژمارەى کوژران گەیشتووەتە نزیکەى 470 کەس، مەترسی لەسێدارەدانى 39 دەستگیرکراویش هەیە.
ژینا ئەمینیی، کچە کوردى خەڵکى سەقز، دواى دەستگیرکردنى رۆژى 16ى ئەیلولى 2022 گیانى لەدەستدا. حکومەت هۆکارەکەى بۆ نەخۆشى گەڕاندەوە، بەڵام کەسوکار و زۆرینەى خەڵکی متمانەیان بەو هۆکارە نییە، کە حکومەت باسی دەکات.
ژینا رۆژى شەممە، 17ى ئەیلول لە سەقزى زێدى بەخاکسپێدرا، ئیدى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەستیپێکرد و سەرانسەرى وڵاتەکەى گرتەوە.
سێ مانگە هیچ رۆژ و شەوێک نەبووە خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچکە نەکرێت.
لە دەستپێکى خۆپیشاندانەکانەوە لە 170 شار و شارۆچکە خۆپیشاندان دەکرا
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ، لە رۆژانى سەرەتاى دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکاندا لە 170 شار و شارۆچکە و تەنانەت گوندەکانیش خۆپیشاندان دەکرا، ئێستاش لە دەیان شار و شارۆچکە بەردەوامە.
ژمارەى کوژراوان بەرزدەبێتەوە
ئەمڕۆ رێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان، دواین ئامارى ژمارەى کوژراوانى نێو خۆپیشاندانەکانى بڵاوکردەوە، ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 469 کوژراو. واتە بە کۆى گشتى لە هەر رۆژێکدا زیاتر لە پێنج کەس کوژراون.
وەک چۆن خۆپیشاندانەکان لە دواى گیانلەدەستدانى ژیناوە دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستاش دروشمى سەرەکى ناڕەزایەتییەکان (ژن، ژیان، ئازادی)یە.
کچان و ژنانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بەشێکى سەرەکى ناڕەزایەتییەکانن، لەنێو ئامارى کوژراوەکانیش 32 کەسیان ژنن، لەگەڵ 63 منداڵ و مێردمنداڵ، ئەوانەى دیکەش بەگشتى گەنجن.
شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ریزبەندى پێشەوەى زۆرى ژمارەى کوژراوەکاندایە.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان 137 کەس لە رۆژهەڵات کوژراون، پاش رۆژهەڵات سیستان و بەلوچستان دێت، کە 130 کەس کوژراون، لە تارانی پایتەختیش 50 کەس کوژراون.
شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ریزبەندى پێشەوەى زۆرى ژمارەى کوژراوەکاندایە
هەرانا، رێکخراوێکى دیکەى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤى ئێرانە، بەگوێرەى ئامارى ئەم رێکخراوە، 18 هەزار و 500 کەس لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دەستگیرکراون.
رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى دەڵێت، لەسێدارەدانى دەستگیرکراوەکان بووە بە مەترسییەکى جدى بۆ هاوڵاتیانى ئێران.
تاوەکو ئێستا دوو خۆپیشاندەر لە مەشهەد و تاران لەسێدارەدراون، رێکخراوى مافى مرۆڤ دەڵێت، 39 کەسی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و مەترسی هەیە بەمنزیکانە سزاکەیان جێبەجێ بکرێت.
هەڵاتن لە بێهیوایی
دواى سێ مانگ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى، جگە لە هەڵپەساردنى کارەکانى پۆلیسی ئەخلاق، ئێرانییەکان هیچ هەنگاوێکى دڵخۆشکەریان بە ئاراستەى جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان نەبینیوە. بەم دواییەش جێبەجێکردنى سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران پێدەچێت زیاتر لە حکومەتى وڵاتەکەیان بێهیوای کردبن.
رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردەوە، ژمارەیەک هاوڵاتى رۆژهەڵاتى کوردستان لە تورکیا دەستگیرکراون، کە هەوڵیانداوە بەرەو وڵاتانى ئەوروپا کۆچ بکەن.
هاوکات ماڵپەری ئارتی گەرچی تورکی، هەواڵەکەی پشتڕاست کردووە و ئاشکرا کرد، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچەی ئولای موغلای تورکیا 144 پەنابەری عێراقی، ئێرانی، ئەفغانی، سوری، بەنگلادیشی و فەڵەستینیان دەستگیر کردووە، کە 41 کەسیان ژن و 43 کەسیان منداڵن.
رێکخراوى هەنگاو دەڵێت، ترس هەیە تورکیا هاوڵاتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان رادەستى ئێرانى بکاتەوە.
ترس هەیە تورکیا هاوڵاتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان رادەستى ئێرانى بکاتەوە