ئەردۆغان پەیامێکى ئاراستەى ئەوانە کرد، کە رەخەنە لە سزادانى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانى ئەستەنبوڵ دەگرن و دەڵێت، هەوڵدەدرێت پرۆسەى دادگاییەکە بکرێتە “مەزەی مێزی” شەش لایەنی سیاسی.
ئەمڕۆ، شەممە، 17ى کانوونى یەکەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، قەدەغەکردنى گەشت لە ئیمامئۆغڵو لەئارادا نییە و پرۆسەى دادگاییکردنى کۆتایی نەهاتووە.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى داهاتووى وڵاتەکە، لەکاتێکدا پرسی دیاریکردنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستى سەرۆککۆمار هێشتا گرێکوێرەی هاوپەیمانى گەل و لایەنەکانى دیکەیە.
هاوپەیمانی کۆمار، کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێکهاتووە، هەرزوو رەجەب تەیب ئەردۆغانى بۆ خولێکى دیکەى سەرۆکایەتى کاندیدکردەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن هێشتا نەگەیشتووەتە بڕیارى کۆتایی.
هاوپەیمانی گەل، سەرەکیترین بەرەى ئۆپۆزسیۆنە، کە لە پارتەکانى جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دەڤا، دواڕۆژ و پارتی دیموکرات پێکهاتووە.
هێشتا ناوى ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، لەنێو ئەوانەدایە، کە هاوپەیمانییەکە کاندیدى دەکات، هەرچەندە ئەو لە بەردەم دەرگاى بەندینخانەدایە بۆ جێبەجێکردنى ئەو سزایەى هەفتەى رابردوو دادگاى ئەستەنبوڵ بەسەریدا سەپاندى.
هێشتا ناوى ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، لەنێو ئەوانەدایە، کە هاوپەیمانی گەل، کاندیدى دەکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، ئەگەر سزاکەى جێبەجێ بکرێت دەبێت دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ لە زینداندا بێت.
بەگوێرەى راپرسییەکان ئیمامئۆغلۆ 15% دەنگەکانى لە ئەردۆغان زیاتر دەبێت، بۆیە چاوى لەوەیە دادگای تێهەڵچوونەوە بریارەکەى دادگای ئەستەنبوڵ لە دژى هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتە ئەو کێبڕکێیەى دەیەوێت خۆى پێ بگەیەنێتە کۆشکى کۆمارى و ئاکاپە و مەهەپە، بەتایەتی ئەردۆغان لە دەسەڵات دوربخاتەوە.
راپرسیەکان:
ئیمامئۆغلۆ بەرێژەی 15% دەنگەکانى لە ئەردۆغان زیاتر دەبێت
تاوەکو پێش سزاکەى دادگا، چەپەکانی تورکیا و لایەنگرانى هەدەپە بە چاوێکی ئەرێنی لە کاندیدکردنی ئیمامئۆغلۆیان دەڕوانى. ئەو لە ساڵى 2018دا بە دەنگى لایەنگرانى هەدەپە گەورەترین شارەوانى تورکیاى بردەوە، کە ئەستەنبوڵە.
لەنێو شەقامى تورکیی، بۆچونێک هەیە دەڵێت، هەرکەس شاروانى ئەستەنبوڵى بردەوە سەرۆکایەتیش دەباتەوە. ئەردۆغانیش خۆى بەو رێگەیەدا تێپەڕیوە و لە ساڵى 1994 بۆ 1998 سەرۆکى گەورەشارەوانى ئەستەنبوڵ بوو.
موحەرەم ئاکایا، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەبارەی کاندیدکردنی ئیمامئۆغلۆ رایگەیاند، ئەگەر دادگای تێهەڵچوونەوەوە سزاکەى ئیمامئۆغلۆ پەسەند بکات، ئەو خۆشی کاندید بکات و زۆرینەى دەنگەکانیش بەدەستبهێنێت، کارنامەى سەرۆکایەتى رادەست ناکرێت، دەبێت لەو حاڵەتەدا هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە و کەسێکى دیکە لەشوێنى کاندید بکرێت.
ئیمامئۆغلۆ سزاکەی پەسەند بکریت سەرکەوتووش بێت نابێتە سەرۆک
موحەرەم ئاکایا، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا
یاساى هەڵبژاردنەکانى تورکیا رێگە بە کاندیدبوونى ئەو کەسانە دەدات، کە لە زینداندان، لە هەڵبژاردنى 2018دا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکى پێشووترى هەدەپە خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى کاندیدکرد.
ئێستاش باس لەوە دەکرێت، هەدەپە جارێکى دیکە سیاسییەک کاندید دەکاتەوە، کە لە زینداندایە.
گوڵتان کشاناک، کاندیدی هەدەپە دەبێت
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووس و گوتارنووسی رۆژنامەی سوزجوی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێت، سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو هەدەپە پێیگوتم گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئامەد، کاندیدى هەدەپە دەبێت. ئەویش شەش ساڵە لە زینداندایە.
ئەو رۆژنامەنووسە لە زارى بەرپرسەکەى هەدەپەوە دەڵێت، ئەگەر شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی جەهەپە کاندید بکەن، هەدەپە لە کاندیدکردنی گوڵتان کشاناک پاشگەز دەبێتەوە. ئەمەش وەک ئاماژە بۆ دەنگدان بە بە کلچدارئۆغلۆ دەخوێندرێتەوە.