زووم، ئاژانسەکان:
هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتییەکی تازەی جەنگیی دروستدەکەن و ناوی دەنێن (یو ئێس ئێس-فەلوجە)، وەکو ئاماژەیەک بۆ شەڕی یەکەم و دووەمی هێزەکانی ئەمریکا لە شاری فەلوجەی رۆژئاوای عێراق لە ساڵی 2014.
دەیڤد بێرگەر، فەرماندەی گشتی هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا، لە تویتێکدا هۆکاری بەکارهێنانی ناوی فەلوجە رووندەکاتەوە و دەڵێت، “دەبێتە یادکردنەوەیەک بۆ سەرکەوتنی هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەسەر دوژمندا لەو شارە. ناوەکە بیرى میللەتەکەمان و دوژمنەکانمان دەهێنینەوە”.
ناونانەکە شانازییەکی گەورەیە بۆ یادکردنەوەی هێزەکانمان
Just announced: the America-class amphibious assault ship, LHA-9, will be named USS Fallujah.
At Fallujah, #Marines and coalition forces defeated a determined enemy. The USS Fallujah will serve as a reminder to our Nation and its foes why the @USMC is the world’s finest.
— Commandant of the @USMC (@CMC_MarineCorps) December 13, 2022
کارلۆس دێل تۆرۆ، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ناوەکەی راگەیاند و گوتی “شانازییەکی گەورەیە بۆ یادکردنەوەی هێزەکانی مارێنز و هاوپەیمانان، کە بە ئازایەتییەوە شەڕیان کرد و هاوکات رێزێکە بۆ ئەوانەی لە هەردوو شەڕی فەلوجەدا گیانیان بەختکرد”.
جەنگى فەلوجە بە دوو قۆناغ ساڵى 2004 روویدا
سوپای ئەمریکا ساڵی 2004 دوو شەڕی گەورەی لە شاری فەلوجە و دەوروبەری کرد، یەکەمیان لە مانگی نیساندا بوو، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا ئۆپراسیۆنێکیان بۆ کوشتن و دەستگیرکردنی “گروپە تیرۆریستییەکان” دەستپێکرد، کە “بەرپرسیاربوون لە کوشتنی چەند سەرباز و بەڵێندەرێکی ئەمریکی” لە دوای کەوتنی حزبی بەعس لە ساڵی 2003دا.
دووەم شەڕ، کە لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمدا روویدا، هەوڵێکی ئەمریکا بوو بۆ ئەوەی بە تەواوی شارەکە لە “تیرۆریستان” پاکبکاتەوە و کۆنتڕۆڵی بکاتەوە.
جەنگێکى خوێناوی بوو بۆ ئەمریکا
دوو شەڕەکەی فەلوجە، دوو خوێناویترین شەڕی سەربازە ئەمریکییەکان بووە لە عێراق، لە ئۆپراسیۆنەکەی مانگی نیساندا 27 سەربازی ئەمریکی کوژران. کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بۆ شەڕی دووەم گەڕانەوە بۆ فەلوجە، 95 سەربازیان کوژران و 560 سەربازى دیکە برینداربوون.
کەشتیی فەلوجە دەبێتە چوارەم کەشتیی جەنگی هاوشێوەی خۆی، کە ئەمریکا بۆ ئۆپراسیۆنی دوورە وڵات بەکاریان دەهێنێت. لە گرێبەستێکدا لەگەڵ کۆمپانیای ئنگاڵسی وڵاتەکە، هێزی دەریایی ئەمریکا بە بڕی 2.4 ملیار دۆلار کەشتییەکە دروستدەکات.
لای هێزی دەریایی ئەمریکا باوە، کە کەشتییە جەنگییەکانی بە ناوی ئەو شارە بیانییانەوە ناودەنێت، کە لە جەنگی گەورەدا سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناوە. لەوانەش: کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس-تریپۆلی (لیبیا -1805)، یو ئێس ئێس-دورگەی مەکین (زەریای هێمن – 1942)، یو ئێس ئێس باتان (فلیپین – 1942)، ئێستاش یو ئێس ئێس فەلوجە.
بەمشێوەیە ناونانی USS فەلوجە لە رووی مێژووییەوە یەکەمجار دەبێت کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا بە ناوی شەڕێکی سەردەمی دوای رووداوەکەی 11ی سێپتەمبەرەوە ناوبنرێت.