زووم:
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەمریکا سیستمى بەرگرى موشەکى پاتریۆت رەوانەى ئۆکراین بکات. روسیا کەوتووەتە کاردانەوەى توند و هەڕەشەى لەناوبردن و دەستبەسەرداگرتنى کۆى ئەو چەکانە دەکات، کە وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکراینى دەنێرن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکراین پاتریۆت بە هۆکارێک بۆ رێگرى ئاوارەبوونى زیاترى خەڵکەکەى وەسف دەکات.
ئەو چەندین مانگە داواى سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەکات، بەتایبەتى پاتریۆت.
دەڵێت، مەگەر بەو سیسیتمە خۆمان لە هێرشە موشەکییەکانى روسیا بیپارێزن، کە ژێرخانی وڵاتە بە بەردەوامى دەکاتە ئامانج.
کەواتە پاتریۆت چییە؟
ئەم سیستمە دروستکراوى ئەمریکایە، دژە موشەکییە و لەسەر زەوی جێگیر دەکرێت، رێگریی لە پێکانى ئامانجەکان دەکات و لە ئاسمان موشەکى ئاراستەکراو دەتەقێنێتەوە، بەرلەوەی بەر زەوی بکەوێت.
پاتریۆت بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا دادەنرێت، زۆر دەگمەنە و وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
بەزۆری لە دژی هەڕەشەی چەکە پێشکەوتووەکانی وەک فڕۆکەی جەنگی، موشەکی کروز و موشەکی بالیستی بەکاردەهێنرێت.
بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بارهەڵگرێک جێگیردەکرێت و جگە لەوەش رادار و ئۆتۆمبێلی پشتیوانی دیکە لەخۆدەگرێت.
پاتریۆت لە دووری 80 کیلۆمەترەوە پێشبینی هاتنی هەر موشەکێک دەکات
لە رێگەی رادارەوە دەتوانێت لە دووری 80 کیلۆمەترەوە پێشبینی هاتنی هەر موشەکێک بکات، کە ئاراستەی ئەو ناوچەیە دەکرێت، کە سیستمەکەی تێدا جێگیرکراوە.
ئەلێکساندەر ڤیندمان، جەنەڕاڵى خانەنشین، کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا لە کۆشکی سپی سەرکردایەتی سیاسەتی ئۆکراینی دەکرد، دابینکردنی پاتریۆت بۆ کیێڤ بە “زۆر زۆر گرنگ” وەسف دەکات.
ئەو دەڵێت، پاتریۆت توانای ئۆکراینییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکان زۆر زیاد دەکات، بەتایبەتی ئەگەر روسیا لە هێنانی موشەکی بالیستی کورتمەودا لە ئێرانەوە بەردەوامبێت.
بڕیارى ناردنى سیستمەکە دەبێت، سەرەتا لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری رەزامەندى لەسەر بدات، دواتر داواى رەزامەندى لە جۆ بایدن، سەرۆکى وڵاتەکە دەکرێت.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەمریکا بڕیارى کۆتایی لەسەر بدات.
بەگوێرەى پلانەکە، کە میدیاکانى ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، هێزەکانى ئۆکراین لە ئەڵمانیا مەشق و راهێنانیان لەسەر سیستمەکە پێدەکرێت، پێش ئەوەى رەوانەی ئۆکراین بکرێت.
ئەلێکساندەر ڤیندمان دەڵێت، مەشقەکان چەند مانگێک دەخایەنێت.
هێشتا وردەکارییەکانی سیستمەکە ئاشکرانەکراوە، بەتایبەتى لە رووى جۆر و ژمارەوە، بەڵام روسیاى خستووەتە کاردانەوەوە، وەزارەتى دەرەوە، وەک هەنگاوێک بۆ شەڕى راستەوخۆى روسیا و رۆژئاوا ناوى هێنا.