ئاژانسەکان
کاربەدەستانی مالیزیا دەڵێن، لانیکەم 21کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن، دوای ئەوەی رۆچوونێکى زەوی کەمپێکی گەشتیارى لە ویلایەتی سێلانگۆری مالیزیا گرتەوە.
گەشتیارەکان لەنێو چادرەکانیاندا نوستبوون، کاتێک لە نزیکەی کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانى هەیینى بەکاتى مالیزیا “کارەساتەکە” روویدا، واتە کاتژمێر 10:00شەوى رابردوو دەکات بەکاتى هەولێر.
کەمپەکە 94 کەسی تێدابوو
کەمپەکە دەکەوێتە لە شارۆچکەی باتانگ کالی، 94 هاوڵاتى وڵاتەکەى تێدا بووە، کە بەشێکیان منداڵ بوون.
بەیانی ئەمڕۆ سەدان کەس لە شوێنی رووداوەکە بوون و بەنێو قوڕدا دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکان رزگاربکەن.
رۆچوونى زەوییەکە بە بەرزیی زیاتر لە 30مەتر بووە، بەرزتر لە کەمپەکە و دۆنمێک زەوی رۆچووە.
60 کەس رزگارکراون
تیمەکانى فریاگوزارى رایانگەیاند، تاوەکو پاشنیوەڕۆی هەینی بەکاتى وڵاتەکە زیاتر لە 60 کەسیان رزگارکردووە، بەڵام 12 کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.
یەکێک گەشتیارەکان بە رۆژنامەی بێریتا هاریانی مالیزیای گوت، خۆی و دایکی رزگاریان بووە، بەڵام براکەی گیانی لەدەستداوە و برایەکی دیکەشی بەهۆی برینەکەیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
ئەو گوتى “هەستمان کرد چادرەکان ناجێگیر دەبن و خاکی دەوروبەرمان دەکەوێت”.
“من و دایکم توانیمان خۆمان خۆمان رزگار بکەین.”
ئەو لەگەڵ گروپێکی زیاتر لە 40 کەسیدا گەشتەکەیان کردبوو.
نزا بۆ رزگارکردنى خەڵکەکە دەکەن
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا
بڕیارە ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بگاتە شوێنەکە، ئەمەش دوای سەردانەکانی چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەت.
ئەو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پرسە و سەرەخۆشی لە قوربانییەکان کرد.
هۆکارى رووداوەکە روون نیە
تاوەکو ئێستا روون نییە چی بووەتە هۆی رۆچوونى زەوییەکە، کە لە ناوچەیەکی دارستانی گردەپاڵ لە تەنیشت کەناری رێگەکە لە باتانگ کالی روویداوە، کە نزیکە لە بەرزاییەکانی گێنتنگ، بە دوورى نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکوری کوالامپور.
خەڵکی ناوچەکە گوتویانە، بارانێکی کەم باریوە و هیچ بارانێکی بەخوڕ و هیچ بوومەلەرزەیەک بەر لە رووداوەکە نەبووە.
دواى ئەم رووداوە، دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی سەرجەم کەمپەکانی کەناری رووبارەکان و ناوچە مەترسیدارەکانی دیکەیان بۆ ماوەی حەوت رۆژی داهاتوو دەرکرد.
سوفیان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە گوتی، پێدەچێت 94 هاوڵاتی مالیزیا لە کەمپەکەدا بوون.
ئەو گوتى، قوربانییەکان رۆژی چوارشەممە، چوونەتە ناوچەکە، کە شوێنێکی وەرزشی بەناوبانگە بۆ خەڵکی ناوچەکە و چادرى تێدا هەڵدەدرێت.
سوفیان عەبدوڵا دەڵێت، زیاتر لە 400 کارمەند بەشدارن لە گەڕان بۆ رزگارکردنى خەڵکەکە.
بەشێک لەوانەى رزگارکراون گوتویانە پێش ئەوەی خاکەکە هەرەس بهێنێت، گوێیان لە دەنگێکی بەرزی رەشەبا بووە.
لیۆنگ جیم مێنگ، تەمەن 57 ساڵ، بە رۆژنامەی نیو سترایتس تایمزى گوتووە، خۆی و خێزانەکەی بەهۆی دەنگێکى بەهێز، کە “دەنگی وەک تەقینەوەیەک دەهات” لە خەو هەڵستان و هەستیان بە جوڵەی زەوی کردووە.