ئەڵمانییەكان ئەو رەوشەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەكەیان قبوڵ ناكەن، بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ مەكینە كۆنەكان دەبرێتەوە و دەخرێنەوە ئیش.
دوو مۆندیالە مەكینەكانی ئەڵمانیا هیچ بە هیچ ناكەن
دوو مۆندیالە مەكینەكانی ئەڵمانیا هیچ بە هیچ ناكەن، هەر زوو ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییە یەكەمەكەی جیهان دەكەن، بۆیە دەبێت شتێك بكرێت كە بارە لارەكە رێكبكرێتەوە.
لەو روانگەیەوە، یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا بڕیاری داوە گروپێك لەو یاریزانانە پێكبهێنێت، كە پێشتر یارییان بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان كردوە تا كار لەسەر مانشافت بكەن.
كارل هاینس رۆمێنیگە و ماتیاس سامەر
لەنێو ئەوانەی لە گروپەكەدان، ناوی كارل هاینس رۆمێنیگە و ماتیاس سامەریش دەبینرێت، كە ئەزمونێكی زۆریان لە جیهانی تۆپی پێ و ركابەرییە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە.
رودی ڤولەر و ئۆلیڤەر كان و ئۆلیڤەر مینتزلاڤ-یش ئامادەن و دەبنە یارمەتیدەری مانشافت
بیرند نویندۆرف سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا سەبارەت بە ناوەكان وتویەتی: جگە لە رۆمێنیگە و سامەر، رودی ڤولەر و ئۆلیڤەر كان و ئۆلیڤەر مینتزلاڤ-یش ئامادەن و دەبنە یارمەتیدەری مانشافت بۆ خۆئامادەكردن بۆ جامی ئەوروپا، كە 2024 خودی ئەڵمانیا میوانداری دەكات.
ئەڵمانیا 2014 لە بەرازیل، نازناوی مۆندیالی بردەوە، بەڵام 2018 و 2022 هەر لە قۆناغی یەكەمی پاڵەوانێتییەكەوە ماڵئاوایی كرد. لەوەش خراپتر لە مۆندیال و یورۆدا، 11 یاری كردوە، تەنها 3 یاری بردۆتەوە.
سەرەڕای شكستە خراپەكەی لە مۆندیالی قەتەردا، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا متمانەی بە هانز فلیكی راهێنەر بەخشیوەتەوە و تا 2024 بەردەوام دەبێت، بەڵام دەیەوێت لە شوێنی ئۆلیڤەر بێرهۆڤ بەڕێوەبەرێكی نوێ بۆ مانشافت بدۆزێتەوە.