ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە راگەیاندنى ناردنى سیستمى بەرگرى ئاسمانى پاتریۆت بۆ ئۆکراین، روسیا هەڕەشەى لەناوبردنى و دەستبەسەرداگرتنى کۆى چەکەکانى وڵاتانى رۆژئاوا دەکات، کە بۆ وڵاتەکەى دەنێرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی کانونی یەکەمی 2022، ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەى سەرجەم ئەو درۆنانەیان تێکشکاندووە، کە بەرەبەیانی هێرۆ هێرشیان کردبووە سەر کیێڤ. داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئاگاداربن و هەموو ئاگادارکردنەوەیەک بە جدی وەربگرن.
زیلینسکی ستایشی چالاکی هێزەکانی بەرگری کرد و رایگەیاند، 13 درۆنى ئێرانی بوون، لە جۆری شاهید، کە خراونەتەخوارەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا:
13 درۆنى ئێرانی ، لە جۆری شاهید، خراونەتەخوارەوە
ئەنتۆن گیراشچینکۆ، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا لە تویتەر ڤیدیۆیەکی سەرۆکی ئۆکراینی بڵاوکردووەتەوە، کە لەگەڵ راگەیاندنی خستنە خوارەوەی درۆنەکان داوا لە خەڵک دەکات لە کاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەکان زۆر هوشیار بن.
President @ZelenskyyUa addressed Ukrainians after drone attacks on Kyiv this morning.
He said that all 13 drones were shot down by Ukrainian air defense.
We are grateful to partners for supplying air defense systems. Looking forward to protecting the whole territory of Ukraine. pic.twitter.com/xzTpNj7gpz
— Anton Gerashchenko (@Gerashchenko_en) December 14, 2022
ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ دەڵێت، درۆنەکان بۆمبرێژ کراوبوون و لە کاتی خستنەخوارەوەی یەکێک لە درۆنەکان زیان بەر دوو بینای ئیداری کەوتوە لە ناوەراستی شارەکە.
ئۆلیسکی کۆلیبا، بەرێوەبەری ئیدارەی سەربازی کیێڤ، داوای لە هاوڵاتیان کرد لە پەناگەکان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە لەگەڵ بەردەوامی مەترسیەکان، هێرشەکانی روسیاشی بە تیرۆری وزە ناوبرد.
ئەمریکا سیستمی پاتریۆت دەداتە ئۆکراین
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، لە یەکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، راهێنان بە ئۆکراینیەکان دەکرێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆت.
وەک بەرپرسەکان دەڵێن، لەم هەفتەیەدا ئەمریکا ناردنی سیستمەکە بۆ ئۆکراین رادەگەیەنێت، دوێنێ رۆیتەرز بڵاویکردەوە پێدەچێت ئەم هەفتەیە واشنتن بڕیارەکە رابگەیەنێت.
پلانەکەی وەزارەتی بەرگری بۆ ناردنی سیستمەکە پێویستی بە رەزامەندی وەزیری بەرگری دەبێت، پێش ناردنی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردنى.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ناتوانێت دڵنیایی بدات لەبارەی راستی ئەو راپۆرتانەی باس لە پێدانی سیستمی پاتریۆت دەکەن بە ئۆکراین.
هۆشداری روسیا
روسیا بە قوڵى نیگەرانە و کەوتووەتە کاردانەوە و لێدوان دژى هەوڵەکەى ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاند، هەموو ئەو چەکانەی وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکراینى دەنێرن، ئامانجى شەرعى روسیان و لەناویان دەبەین یان دەستیان بەسەردا دەگرین.
دەڵێت، دابینکردنی سیستمی پاتریۆت بۆ کیێڤ مەترسی بەشداری راستەوخۆی سوپای ئەمریکا لە ململانێی ئۆکراین زیاتر دەکات. واشنتن ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی “تیرۆر” لە دژی گەلی روسیا بدزێتەوە.
هەموو ئەو چەکانەی وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکراینى دەنێرن، ئامانجى شەرعى روسیان و لەناویان دەبەین
هاوکات باڵیۆزخانەی روسیا لە واشنتن رایگەیاند، پێدانی سیستمی موشەکی پاتریۆت بە ئۆکراین هەنگاوێکی ئیستفزازیە، دەرئەنجامی ئەم کارە بە جۆرێک دەبێت پێشبینی ناکرێت.
باڵیۆزخانەی روسیا دەڵێت، بەدەر لە سیستەمی پاتریۆت، ئەمریکا قوڵتر و قوڵتر دەچیتە نێو ململانێی کۆماری دوای سۆڤیەت، ئەمەش تەنها زیان بە پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا ناگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشەشە بۆ سەر ئاسایشی گشتی جیهان.
ئاگربەستی سەری ساڵ
روسیا رەتیدەکاتەوە بەبۆنەی پشوی ساڵی نوێ و جەژنەکان هیچ ئاگربەستێک هەبێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هیچ لایەنێک پێشنیازی لەم جۆرەی نەکردووە و ئاگربەست لە پلانی کارکردندا نیە.
ئاگربەستی پشوی ساڵی نوێ لە پلانی کارکردندا نیە