گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چوپێکی کۆچبەران، کە نزیکەی 50 کۆچبەری لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەگواستەوە، لە کەناڵی ئینگلیزدا ژێرئاوکەوت، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
دوای ئەوەی کاتژمێر 3:00ی بەیانی رۆژی چوارشەممە، 14ى کانوونى یەکەمى 2022 بەکاتی بەریتانیا، پۆلیس پەیوەندییەکی تەلەفونیان پێگەیشت، کە دەنگی گریانی منداڵ و هاواری کۆچبەرەکانی تێدا دەبیسترا، وەک گوتەبێژى حکومەتى بەریتانیا باسی کردووە. دواتر ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و فەرەنسا لە کەناراوەکانی پارێزگای کێنتی بەریتانیا ئەنجامدرا.

وێنەی چوپە ژێر ئاو کەوتووەکە
بەگوێرەى قسەى گوتەبێژەکە، لە رووداوەکەدا گیانلەدەستدانى چوار کۆچبەر پشتڕاستکراوەتەوە و 43 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی بەریتانیاوە رزگارکراون، کە 30 کەسیان لەنێو ئاوەکەوە رزگارکراون.
گوتى “بەڕاستی ئەمە رووداوێکی دڵتەزێنە. هاوخەمیمان لەگەڵ دۆست و کەسوکاری هەموو ئەو کۆچبەرانەیە، کە ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە.”
43 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی بەریتانیاوە رزگارکراون
دوای پەیوەندییەکە، پۆلیسی دەریاوانی بەریتانیا لە کاتژمێر 3:07 خولەک بەلەمی فریاگوزاری رەوانەی ناوچەکە کردووە، دواتر ئەمبولانسێکی ئاسمانی گەیشتووەتە ناوچەکە بۆ رزگارکردنی کۆچبەران.
كۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران رایگەیاند ” نیگەرانە لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە رووداوی ژێرئاوکەوتنى بەلەمێکی بچووکی کۆچبەران دەکەن و داوای زانیاری زیاتری لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کردووە.
سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند “ئاگاداری رووداوێکی لە کەناڵەکەدا روویداوە و هاوخەمیی دڵسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەردەبڕم، کە بوونەتە قوربانی.”
هاوخەمیی دڵسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەردەبڕم، کە بوونەتە قوربانی
سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا
جگە لە بەریتانیا، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە کاتی رووداوەکەدا هەلیکۆپتەرێک و بەلەمێکی دەوریای پاسەوانی کەناراوەکانی وڵاتەکەیان نارد بۆ یارمەتیدانی پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیا. هەروەها کەشتییەکی پشکنینی ژێردەریایی هایدرۆگرافی هێزی دەریایی فەرەنسا بەشداربووە لە ئۆپراسیۆنی دۆزینەوە و رزگارکردنی کۆچبەراندا.
سەرەڕای ئەمانەش، پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە “بەلەمێکی ماسیگرتن لە ناوچەکەدا بووە و بەشداری لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە.”
ئەلێکس فرایزەر، بەڕێوەبەری پشتیوانی پەنابەرانی خاچی سوری بەریتانی رایگەیاند، سەرنشینانی چوپەکە پەنابەرن و هەوڵیانداوە بگەنە بەریتانیا. گوتیشی: “ئەنجامدانی ئەو گەشتە پڕمەترسییە لەو کەشە ساردەدا ئەوە نیشاندەدات، کە ئەو کۆچبەرانە چەندە بێهیوا بوون لە وڵاتەکانیان.”
ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ کەس بەمشێوەیە ژیانی خۆی ناخاتە مەترسییەوە، مەگەر بۆی دەربکەوێت، کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەماوە لە ژیاندا.
ئەو دەڵێت، تاوەکو رێگەی سەلامەتی دیکەمان نەبێت بۆ ئەوەی خەڵک داوای مافی پەنابەری بکەن، مەترسی دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە زیاتر ببینین.
سەبارەت بە ناسنامەی کۆچبەرەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوەکانى پۆلیسی بەرییتانیا لە رووداوەکە بەردەوامە.
سیمۆن جۆنز، پەیامنێری بی بی سی دەڵێت، نزیکەی 460 کەس لەنێوان رۆژی هەینی و یەکشەممەدا بە بەلەمی بچوک لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا پەڕیونەتەوە. بەگوێرەى راپۆرتێکی بی بی سی، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 45 هەزار کەس لە رێگەی ئەو کەناڵى ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
تیم نائۆر هیڵتۆن، لە رێکخراوی خێرخوازی رێفیوجی ئەکشن رایگەیاند “کارەساتی هاوشێوە پێشبینیکراو و حەتمییە”. ئەگەر حکومەت رێگەی سەلامەتتر بۆ خەڵک بۆ داوای مافی پەنابەری نەڕەخسێنێت، خەڵکێکی زیاتر لە هەوڵی گەیشتن بە سەلامەتیدا ژیانیان دەکەنە قوربانی.