پارتی و یەکێتی هەردوولا بەگرنگەوە باسیان لە ناردنی 400 ملیارەکەی بەغداد کرد، بەڵام هەردوولا ناردنی پارەکەیان دەبردەوە بۆ بارەگا حزبییەکانیان.
ئەو کاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی دا، شاندی هەرێم لە بەغدادبوون، هەر بۆیە دوای بڕیارەکە، حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی شاندەکە لە بەغدادن، بەڵام بەهۆی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە هیچ وەزیرێکی یەکێتی ئامادەنەبوون سەردانی بەغداد بکەن.
ئەم راگەیەندراوەی حکومەت، لەبری ئاساییکردنەوە، ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە حکومەت ئاڵۆزترکرد.
هەرزوو یەکێتی، حکومەتی لەو ڕاگەیەندراوە بێبەری کردو رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی بەناوی حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە هی حکومەت نییە و رەتیدەکەینەوە، چونکە ناوەرۆکەکەی بێڕێزییە بەرامبەر تیمی یەکێتی.
هەرچەندە یەکێتی بە جێگری سەرۆکوەزیران و پێنج وەزیرەکەیەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی حکومەتی کردووە، بەڵام خۆی بەبەشدارێکی بەهێزی حکومەت دەزانێت و دەڵێت، ئێمە بەشێکی سەرەکی حکومەتین، بەڵام راگەیەندراوەکە تەعبیر لە یەک کەس و یەک حزب کراوە.
ئەوەی یەکێتی زیاتر نیگەران کردووە ناوهێنانی خودی مەسرور بارزانییە.
تیمی پارتی لە حکومەت، هێندە زوو وەڵامی تیمی یەکێتی دایەوە، رەنگە بەشێک لە هاوڵاتیان راگەیەندراوەکەی تیمی یەکێتیان نەبینیبێت.
پارتی بایکۆتەکەی یەکێتی کردوە بە دەرفەت و دەیداتەوە بە ناوچەوانیداو دەڵێت، ئێوە بایکۆتتان کردووە بۆ بە گوتنی راستییەکان قەڵس دەبن، خۆ ئێوە لە بەغداد نەبوون، ئیتر بۆ خۆتان دەکەن بە خاوەنی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکە.
وەزیرەکەی گۆڕان خۆی بەهیچ لایەکدا ناخات
وەزیری دارایی کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕانەو سەرۆکی شاندەکەی هەرێم بووە لە بەغداد، بەلای یەکێتی و پارتیدا نەیشکاندەوەو بێ لایەنی خۆی لە نێوان تیمی وزاری پارتی و یەکێتی پاراست.
ئاوات شێخ جەناب بێ ئەوەی باسی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بکات، گوتی لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەردانی بەغدادیان کردووە.
لای پارتی و یەکێتی 400 ملیارەکە بۆ موچە نییە
پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە ناکۆکن کە ناردنی 400 ملیارەکە دەبێتە دەستکەوتی کامیان، بەڵام هەردووکیان لەسەر ئەوە کۆکن، ناردنی پارەکە ناونەنێن موچە.
هەرچەندە لە رابردوودا ئەو پارەیەی بەغداد دەینارد، بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرا و چەندین جاریش حکومەتی هەرێم نەناردنی پارەکەی بەغدادی بەهۆکاری دواکەوتنی مووچە دادەنا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردنی 400 ملیار دینارەکەی وەک بەشە بودجەی هەرێم وەسفکردووە و ناوی موچەی لێنەناوە.
هاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 400 ملیار دینارەکەی وەک بەشەبودجەی هەرێم وەسفکردووە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، پارەکەئ بەغداد بۆ موچەیە و دەبێت لەگەڵ ناردنی پارەکەدا موچەی مانگی 12ی لێبدرێت.
کاتی ناردنی 400 ملیارەکە دیارنییە.
هەموان باس لە ناردنی 400 ملیار دینارەکە دەکەن، بەڵام نە حکومەتی عێراق و نە هەرێم و نە پارتی و نەیەکێتی، باسیان لە کاتی ناردنی پارەکە نەکردووە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەو پارەیەی بەغداد دەنێرێت، لە سەرەتای ساڵی 2022دا تا ئێستا تەنها دوو مانگ بووە کەئەویش بۆ هەرمانگێک بڕی 200 ملیار دیناربووە، ئەم جارەش بڕیارە 400 ملیار دیناری دیکە لەبری مانگەکانی 11 و12 بنێرێت، بەمەش پارەی نێردراوی بەغداد بۆ هەرێم دەکاتە 800 ملیار دینار.