دادگای شۆڕشی پارێزگای ورمێ، سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ گەنجی کورددا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆدا دەستگیرکرابوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، دادگای شۆڕشی پارێزگای ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر کاروان شاهی پەروانە 25 ساڵ، فەرزاد تەهازادە 24 ساڵ و فەهاد تەهازادە 25 ساڵدا سەپاندووە.
دادگا تۆمەتی دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستووەتە پاڵ سێ گەنجەکە
رێکخراوەکە دەڵێت، دادگا تۆمەتی دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستووەتە پاڵ هەر سێ گەنجەکە سەپاندووە و بە زۆرە ملێ واژۆیان پێکراوە کە سزاکە پەسەند بکەن.
دایکی فەرزاد و فەرهاد، کە بران و خەڵکی شاری شنۆن، دوێنێ سێشەممە 13ی کانونی یەکەم سەردانی پارێزەری کوڕەکانی کردووە و ئەویش پێی گوتووە سزای کوڕەکانی پشتڕاست کراوەتەو و ناتوانێت هیچ کارێک بکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سێ گەنجەکە بە هەنگاوی راگەیاندووە، لەژێر ئەشکەنجەیەکی سەختدا سێ گەنجە کوردەکە ناچار کراون کە تاوانەکە قبوڵ بکەن.
کاروان شاهی پەروانە، رۆژی چوارشەممە، 224ی تشرینی یەکەمی، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە و بەهۆی “ئەشکەنجەدانەوە پەنجەکانی دەستی شکاون”.
فەرزاد تەها زادە، دوای یەک مانگ “ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە” بۆ زیندانی ورمێ و فەرهادى براشی بۆ زیندانی شنۆ گواستراونەتەوە. ئەم دوو برایە لە سەرەتاکانی مانگی رابردووە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرابوون.
تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران، گەنجێکی لە مەشهەد و گەنجێکی لە تاران لەسێدارەداوە. سزای لەسێدارەدانیشی بەسەر زیاتر لە 20 کەس سەپاندووە و مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیش بەسەر سەدان کەس هەیە.
بەگوێرەی ئامارێکی نوێی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هەرانا) زیاتر لە 18 هەزار و 500 کەس لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دەستگیرکراون.