شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانى کرد. گوتەبێژى پارتى رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کاتى کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان دیاری نەکردووە.
فارزڵ میرانى، بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبی سیاسی پارتى سەرۆکایەتى شاندەکەى کرد، مەحمود محەمەد، سیدات بارزانى، ئازاد بەروارى ئەندامانى مەکتەبی سیاسی و جەعفەر ئێمنیکى، ئەندامى ئەنجومەنى کۆمیتەى ناوەندى بەشێک بوون لە شاندەکە.
سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو و شاندێکى یاوەرى پێشوازیان لە شاندى پارتی کرد. دواى کاتژمێر کۆبوونەوە، خەلیل ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتوو لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا گوتى، باسی کێشەکانى هەرێمى کوردستانیان کردووە، لێکتێگەیشتنى باش لەنێوان پارتى و یەکگرتوودا هەیە.
نابێت پارتى و یەکێتى لە میدیاوە قسە لەگەڵ یەک بکەن، پێویستە لە کۆبوونەوەکاندا کێشەکان چارەسەر بکەن
هاوکات مەحمود محەمەد، گوتەبێژى پارتى لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا رایگەیاند، گفتوگۆمان کرد لەسەر پەیوەندیکردن و لێک دوورنەبوون لە نێوان پارتى و یەکێتیدا. “نابێت پارتى و یەکێتى لە میدیاوە قسە لەگەڵ یەک بکەن، پێویستە لە کۆبوونەوەکاندا کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام گوتى کاتى کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ یەکێتى دیاری نەکردووە.
دوێنێ، سێشەممە، 13ى کانوونى یەکەمى 2022، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت. دواى بڕیارەکە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتى، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە “راسپاردە و رێنوێنی” مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، دەستی بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
یەکێتى لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە بایکۆتى هەموو کۆبوونەوەیەکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، نوێنەرانى یەکێتى ئەمجارە لەنێو شاندەکەدا نەبوون، کە سەردانى بەغدادى کردبوو. پێشر دارا رەشید، وەزیرى پلاندانان و ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران ئەندامى شاندەکە بوون.
https://zoomnews.info/%d8%ad%da%a9%d9%88%d9%85%db%95%d8%aa%db%8c-%d9%87%db%95%d8%b1%db%8e%d9%85-%d8%b4%d8%a7%d9%86%d8%af%db%8c-51-%d8%af%db%95%d9%86%db%8e%d8%b1%db%8e%d8%aa%db%95-%d8%a8%db%95%d8%ba%d8%af%d8%a7%d8%af/
لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیراندا هاتووە “هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشداری لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرد و ئامادە نەبوون سەردانی بەغدا بکەن”.هەر شەوى رابردووش شاندەکە گەڕایەوە هەولێر.
تیمی وزاری یەکێتی نیگەرانە لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران، شەوى رابردوو راگەیەندراوێکى لەبارەى ناوەرۆکى راگەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران بڵاوکردەوە و گوتى، بە “گەرمی پێشوازی لە ناردنی 400 ملیار دینارەکەی بەغداد دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان” بڕیارەکە لەسەر بنەمای رێککەوتن بووە لە یاسایی بودجەی 2021 کە ئەوکات قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی هەرێمى کوردستان بوو لە بەغداد.
تیمی وزارى یەکێتی گوتى، کارێکی “ناڕەوایە” ناردنی 400 ملیارەکە بکرێتە “دەستکەوتی شەخسی و تاکڕەوی بچەسپێندرێت و راستیەکان پەراوێزبخرێن”.
لە راگەیەندراوەکەى تیمى وزرای یەکێتیدا هاتووە “بەتوندی” ئەو راگەیەندراوەی بەناوی حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە رەتدەکەینەوە، ناوەرۆکەکەى “بێڕێزییە” بەرامبەر تیمەکەمان، ئەمە راگەیەندراوى حکومەت نییە “تەعبیر لە یەک کەس و یەک حزب کراوە” هەر ئەوەش بووەتە هۆی هەڵوێست وەرگرتنمان.
دواى کەمتر لە کاتژمێرێک تیمى وزارى پارتیش بە راگەیەندراوێک وەڵامى تیمى وزارى یەکێتى دایەکە و گوتى، تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی ھەرێم وەڵامی راگەیەندراوەکەی تیمی یەکێتی نیشتمانی لە حکومەت دایەوە “ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی راستییەکان قەڵس دەبن” جێگری سەرۆکوەزیران رێگریکرد وەزیرەکانی یەکێتی بەشداربن لە شاندی هەرێم بۆ بەغداد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “بەداخەوە یەکێتی خۆی دەکات بە شەریکی دەستکەوتەکان، بەڵام لە کاتی پێویستدا لە بەرپرسیارێتی “رادەکات”.
ئەیوب وەرتى، زوومى هەولێر لە مەحمود محەمەدى پرسی هۆکارى ئەو وەڵام و وەڵامدانەوەى شەوى رابردوو چی بوو؟
ئەو لە وەڵامدا گوتى، لە هەردوو تیمەکە بپرسە بۆچی ئەمە روویدا.
بارەگاى یەکگرتوو، یەکەمین وێستگەى سەردانى شاندى پارتی بوو لە دواى کۆنگرەى 14ى حزبەکە، مەحمود محەمەد دەڵێت، سەردانى لایەنەکانى دیکەش دەکەن، بەڵام کاتەکەى ئاشکرا نەکرد.
رۆژى دووشەممە، 12ى ئەم مانگەش قوباد تاڵەبانى، بەرپرسی سکرتاریەتى مام جەلال، لە هەولێر سەردانی ئەمینداری یەکگرتووی کرد.
قوباد تاڵەبانى، کە هاوکات جێگرى سەرۆکوەزیرانە، دوو مانگە بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى نەکردووە.