مەغریب دەیەوێت بەگەیشتن بە یاری کۆتایی مۆندیال، لاپەڕەیەکى نوێ لە مێژووى تۆپى پێى عەرەبى و ئەفریقى بنوسێتەوە، وەلید ئەلرکراکی راهێنەریش دەڵێت، “شێرەکانى ئەتڵەس” ئێستا یەکێکە لە چوار باشترین هەڵبژاردەکانى جیهان.
هەڵبژاردەى مەغریب یەکەم هەڵبژاردەى ئەفریقییە کە لە چوارگۆشەى زێڕینى مۆندیال یارى دەکات، کاتێک ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 10:00ى شەو بەکاتى هەرێمى کوردستان، روبەڕوى فەرەنساى هەڵگرى نازناوەکە دەبێتەوە.
ئەلرکراکی دەپرسێت: “بۆچى نەگەینە یارى کۆتایی مۆندیال؟ ئێمە خەونى گەورەمان هەیە و هەوڵدەدەین موفاجەئەیەک بخوڵقێنین”.
راهێنەرى مەغریب دەڵێت: “ئێمە بۆ گۆڕینى عەقڵیەتى ناوخۆیى کیشوەرەکەمان هاتووین بۆ ئەم پاڵەوانێتییە”.
مەغریب پێشتر لە رێگەى گەیشتن بە یارى پێش کۆتایی مۆندیالى قەتەر، بەسەر هەریەکە لە هەڵبژاردەکانى بەلجیکا و ئیسپانیا و پورتوگال سەرکەوتووە.
ئەلرکراکی کە مانگى ئابى رابردوو سەرکردایەتیکردنى هەڵبژاردەکەى گرتە دەست، ئاماژەى بەوەشدا: “پێش هەموو یارییەک خەڵک پێیانوایە ئێمە لە پاڵەوانێتییەکە دەردەکرێین، بەڵام هێشتا لێرەین”.
“ئێمە لە خەونەکانمان نزیک دەبینەوە و دەجەنگین بۆ گەیشتن بەوە”.
جەختیکردەوە کە بەلاى ئەوەوە گەیشتن بە چوارگۆشەى زێڕین بەس نییە، دەڵێت: “بە نیوەى کۆتایی رازى نین، ئێمە یەکەم هەڵبژاردەى ئەفریقین ئەوەمان کردووە، دەمانەوێت لەوە دوورتر بڕۆین”.
دەشڵێت، رەنگە هەندێک پێیانوابێت “ئەمە شێتانەیە، بەڵام ئەگەر کەمێک شێتانەش بیت کارێکى خراپ نییە”.
لەسەر هەڵبژاردەکەى دەڵێت: “دەمانەوێت ئەفریقا لە لوتکەى جیهاندا بێت، دەزانم ئێمە پاڵێوراو نین، بەڵام متمانەمان بەخۆمان هەیە”.
موفاجەئەکانى “شێرەکانى ئەتڵەس”
باشترین دەستکەوتى مەغریب لە پاڵەوانێتییەکانى رابردووى مۆندیالدا لە ساڵى 1986 بوو، کاتێک توانى بگاتە قۆناغى 16، پاش ئەوە چوار جارى دیکە گەیشتووەتە مۆندیال، بەڵام جگە لە مۆندیالى ئەمساڵى قەتەر، لە هیچ یەکێکیان نەیتوانیوە قۆناغى کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت.
لە سەرەتاى یارییەکانى مۆندیالى قەتەردا، مەغریب لە پلەى 22ى ریزبەندى جیهانى فیفادا بوو، بەڵام 0-0 لەگەڵ کرواتیاى دووەمى مۆندیالى 2018 یەکسان بوو، دواتر سێ سەرکەوتنى بەسەر ئەو هەڵبژاردانەدا بەدەستهێنا کە لە دە یەکەمەکەى ریزبەندى فیفادان.
مەغریب 2-0 لە بەلجیکاى خاوەنى پلەى دووەمى ریزبەندى جیهانیى بردەوە، ئەوەش هاوکاریکرد لە گرتنى پلەى یەکەمى کۆمەڵەى شەشەم، دواتر لە قۆناغى 16دا بەلێدانى یەکلاکەرەوە شکستى بە ئیسپانیا هێنا و پاشانیش لە چارەکى کۆتاییدا 1-0 لە پورتوگالى بردەوە.
ئەلرکراکی دەڵێت هەڵبژاردەکەى رەنگە ببێتە هۆى شۆکێکى دیکە: “ئێمە بەسەر هەندێک لە هەڵبژاردە گەورەکاندا سەرکەوتین، کاتێک ئارەزوو و پابەندبوون و پشتیوانى جەماوەرت هەبێت، دەتوانیت بیبەیتەوە”.
سەبارەت بە یارییەکەى ئەمڕۆیان لە چوارگۆشەى زێڕین بەرامبەر فەرەنسا، گوتى: “هەتا زیاتر بڕۆیت، یارییەکان قورستر دەبن، ئێمە لەگەڵ پاڵەوانى جیهان و یاریزانى ئاست بەرز و راهێنەرێکى زۆر باش (دیدیە دیشامپ) یارى دەکەین، کە رەنگە لە باشترینەکانى جیهان بێت”.
مەترسى هەیە سەبارەت بە بەشداریکردنى هەندێک لە ئەستێرەکانى مەغریب لە یارییەکەدا، لەوانە نایف ئەکرد بەرگریکاریی وێستهام یونایتد و رومان سایس بەرگریکاریی پێشووى ۆڵڤەرهامپتۆن.
پێشبینى دەکرێت لە دەوروبەرى 20 هەزار هاندەرى مەغریبى لە یاریگەى “ئەلبەیت” لە دەوحە ئامادەبن بۆ هاندان و پشتیوانیکردنى هەڵبژاردەکەیان.
ئەلیاس شاعر یاریزانى مەغریب دەڵێت: “شانازییەکى گەورەیە لەپێناو ئەو هاندەرانەدا یارى بکەیت و شانازییان پێوەدەکەین”.
گوتیشى: “ئەوان باشترین هاندەرەکانى جیهانن، هەموو هەوڵێکى خۆمان دەدەین و لە کۆتاییدا هیوادارین ئێمە باشترین بین”.