زووم..
عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و دەبێت هەموولایەک بەگوێرەی پێویستی پرۆسەکە، بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجالان، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ئیمراڵی کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێر و نیوییان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامداوە و دۆخی تەندروستیی ناوبراو زۆر باشبووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئۆجالان بە شاندەكەی گوتووە، پڕۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و دەبێت هەموولایەک بۆ ئەو هەنگاوە نوێیانە و بەگوێرەی پێویستیی پرۆسەکە بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن.
شاندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەكەیاندا ئاماژەیان بە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا كردووە، ئۆجالانیش كۆبوونەوەكەیانی بە گرنگ و مێژوویی وەسفكردووە.
شاندی ئیمراڵی باسی لەوەشکردووە، ئەو کۆمسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێنرێت، رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە ئاشتی و چارەسەریدا و هیوا و باوەڕییان بە یەکپارچەیی پرۆسەکە هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا بەهێز دەبێت.
شاندەكەی ئیمرالی لە راگەیەندراوەكەیدا گوتووشیەتی، لە کاتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئۆجالان گوێبیستی هەواڵی گیانلەدەستدانی چەند سەربازی تورکیا بوون بە گازی میتان لە هەرێمی کوردستان، ئەم هەواڵە سەرەتا ئۆجالان و دواتر هەموویانی خەمبار کردووە.