زووم..
مەسرور بارزانی لە هەولێر لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت.
لە راگەیەندراوێکد مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان کۆبووەتەوە و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بەهیچ شێوەیەک، بابەتی مووچە تێکەڵ بەهیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆران باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەحمود مەشهەدانی بەسەردانێک گەیشتە هەولێر، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵی، سەردانەکە لەچوارچێوەی گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتییەکان دێت لەبارەی چەند پرسێکی هاوبەش، لە دیارترینیان کارکردنی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوانیان.