عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا، هەڵوێستى خۆى بەرامبەر بڕینی قسەکانی ژنێک کە بە کوردی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا قسەى کردووە نیشاندا و لەوبارەیەوە تویتێکی بە زمانی کوردی کردووە و نوسویەتى: شەرمە، گوناحە و حەیفە.
دوێنێ لە بەرنامەی “ئەسرا ئەڕۆڵ”ی کەناڵی ئەی تی ڤی تورکیدا، کە بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتییە، ژنێک دوای چەندین ساڵ چاوی بە کچەکەی دەکەوێت و ئاشت دەبنەوە کە چەندین ساڵ بوو قسەیان لەگەڵ یەک نەبوو.
دایکەکە کە کوردی باکوری کوردستانە، لە یەکەم ساتی بینینی کچەکەیدا، بە کوردی قسەی لەگەڵ کچەکەی کرد، بەڵام کەناڵەکە یەکسەر قسەکانی بڕی، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) تویتێکی بە کوردی و تورکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە.
Ev nêrîna ku rencîde dike, em red dikin. Şerm e, guneh e, heyf e.
Biz bu rencide edici yaklaşımı reddediyoruz. Ayıptır, günahtır, yazıktır. https://t.co/Dzldc8Oo1w
— Ali Babacan (@alibabacan) December 13, 2022
باباجان وێنەی دایک و کچەکەی لە بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکەدا داناوە و نووسیویەتی “شەرمە، گوناحە و حەیفە”.
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا باباجان بە تورکی نووسیویەتی، ئێمە ئەم هەڵوێستە ئازاربەخشە رەتدەکەینەوە.
سیستمی تورکیا لەسەر چوار بنەماى سەرەکی دامەزراوە
ئەو چوار بنەما سەرەکییەى سیستمى تورکیاى لەسەر دامەزراوە: “یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک گەل و یەک دەوڵەت”، لە ناوەندە فەرمییەکان، قوتابخانە و راگەیەندنەکانى سەر بە دەسەڵاتدا، رێگە بە قسەکردن بە زمانی کوردی نادرێت.