زووم..
کەریم محەمەد – ڕۆژنامەنووس
زۆرجار لە زاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەساڵیادی کارەساتەکانی گەلی کورد و بەتایبەتتر کارەساتی بەناو ئەنفال گوێبیستی ئەوە دەبین چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانە و بەو شێوەیە ناوی دەهێنن.
با پرسیار لەو بەرپرسانە و خۆمان بکەین هەر بەڕاست چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانە؟، گەر پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانە دەکرێت خاوەن ناوێکی گەورەی لەو شێوەیە ماوەی چەندین ڕۆژ چاوەڕوانی دوو کاتژمێر ئاوی خواردنەوە بکات؟
ئەوەی لەو شارۆچکەیە نەژێ هەست بە تینوێتی ئەو بەناو پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانە ناکات، چونکە لەوەرزی هاویندا لەو شارۆچکەیە کاتی پێدانی دوو کاتژمێر پێدانی ئاوی خواردنەوە درێژە دەخایەنێت بۆ زیاتر لە دوو هەفتە، هاوڵاتیانی دووچاری بێزاری و دڵگرانیەکی زۆر کردووەتەوە تا ڕادەیەک بەهۆکاری کەمی ئاوی خواردنەوە بیر لە جێهێشتنی شارۆچکەکەیان بکەنەوە.
شارۆچکەیەک خاوەنی زۆرترین قوربانی تاوانی بەناو ئەنفال و ڕێژەیەکی زۆری شەهیدانی سەرجەم قۆناغەکانی کوردایەتی بێت و دۆخی ژیانی پاشماوەی ئەو شەهید و ئەنفالکراوانە بەم شێوەیە بێت، جێگەی تێڕامانی جدیە.
لێرەدا و دوای ئە دۆخەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیەدا هێنراوە پرسیارێک دێتە ئاراوە، کە ئایا لەبری ناوهێنانی چەمچەماڵ بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشێوەیەکی ناڕاست باشتر نییە بەشێوەیەکی ڕاست و درووست ناوی لێ بنرێت پایتەختی تینوێتی هەرێمی کوردستان.