رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل تاووتوێی داواکارییەکانى حەماس دەکات بۆ ئاگربەست
دواى ئەوەى بزووتنەوەى حەماس رۆژى هەینى ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیی، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل باس لەوە دەکات دوو رۆژە ئەنجوومەنى وەزیران تاووتوێی ئەگەر وپێشهاتەکان دەکەن.
لەسەرەتاوە پێشنیاری 60 رۆژکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە هەبێت.
ئەمڕۆ شاندێکى ئیسرائیل، دەگەنە دۆحەى پایتەختى قەتەر بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە، سەبارەت بەپێشنیارەکانى هەردوولا بۆ راگرتنی جەنگەکەیان.

جەریدە
حزبوڵا نایەوێت چەکە قورسەکانى رادەستى لوبنان بکات
بڕیارە سبەینێ تۆم بەراک نوێنەری تایبەتى ئەمریکا بۆ لوبنان و سوریا سەردانی بەیروت بکات.
لە نزیکەوە کێشەکانی ئەو وڵاتە ببینێت و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى لوبنان بە چڕیی لە کێشەى چەکەکانى حزبوڵاى لوبنان بکۆڵنەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە پێدەچێت لە ماوەکانى داهاتوودا سوپاى ئەو وڵاتە پشکنین بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە گشتییەکان بکات بەمەبەستى دەستبەسەرداگرتنى چەک و تەقەمەنىیەکان.
حزبوڵاى لوبنانی، بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەى رەتکردووەتەوە کە کەباس لە رادەستکردنی چەکەقورسەکانیان دەکەن، بەتایبەتى موشەکە بالیستى و درۆنەکان.
عەرەبی جەدید
لەچەند رۆژی داهاتوو پەکەکە بەشێک لە چەکەکانى رادەستدەکات
هەنگاوە کردارییەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان بۆ دانانی چەک پێی ناوەتە قۆباغێکی نوێ.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پەکەکە پرۆسەی رادەستکردنى چەکەکانیان لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن. هەرچەندە بەدیاریکراوی کات و شوێنى پرۆسەکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
مۆرنینگ ستار
هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە گۆڕێدانییە
زارا سوڵتانە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا سەر بە پارتی کرێکاران دەستی لەکارکردنی ناو حزبەکەی کێشایەوە، بەڵێنیدا لەناو پارتێکی نوێی چەپڕەودا دەستبەکاربێت.
دەست لەکارکێشانەوەکەی پاش ئەوە هات، کە ئەنجومەنی دامەزرێنەری پارتەکە داوایان لە زارا سوڵتانە و جێریمی کۆربین کرد، هەردووکیان پێکەوە هاوسەرۆکی پارتە نوێیەکە بن.
چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی مۆرنینگ ستاریان گوتووە، کە جگە لە کۆربین و سوڵتانە 25 کاندیدی دیکەش هەبوون پاڵێوراوبوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتیکردنی پارتە نوێیەکە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل تیمێکی دانوستاندن دەنێرێتە دەوحە
پاش ئەوەی کە حەماس وەڵامێکی ئەرێنیی خۆیی ناردەوە بۆ دوایین پرۆژەی ئەمریکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ئیسرائیل راستەوخۆ بڕیاریدا شاندێک بنێرێت بۆ قەتەر بۆ دانوستاندن کردن.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە بکەونەڕێ، گفتوگۆکردنی نزیک لەگەڵ حەماسدا دەبێت بە هەوڵێک بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییانەی لە نێوانی هەردوولایەنەکەدا دروست بوون، بۆئەوەی بتوانن لەبارەی ئایندەی بارمتەکانەوە قسە بکەنەوە.
عەرەب نیوز
بۆ کوژاندنەوەی ئەگرەکانی لازقییە تورکیا هاوکاریی سوریا دەکات
ئاگرێک لە دارستانەکانی سنووری لازقیەی سوریا بەربووە و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.
سێ رۆژە بە بەردەوامی ئەو ئاگرە دەشت و دارستان دەسوتێنێت، بەڵام تورکیای درواسێش یارمەتیی خۆیی ناردووە بۆئەوەی بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بکەن.
لە ناوچەی قەستەڵ مەعافی سنوری، کە هەر 12 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە ئاگرەکە بەردەوامە، لەو شوێنانەش کە ئاگر دەکەونەوە بای بەهێز هەڵدەکات، بۆیە کوژاندنەوەی ئاگرەکان قورستر دەبێت، ئەمە وای لە دانیشتوانی ئەو سنورە کردووە، ناچاربن ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن، بۆئەوەی زیانی گیانی نەدەن.