زووم..
درەنگی شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو درۆنەی لە هەولێر کەوتە خوارەوە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە هەڵدرابوو.
وەزارەتەکە دەڵێ، هێرشەکان بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن و پێویستە حکومەتی عێراق سنوورێکی بۆ دابنێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر تاوانباران بگرێتەبەر.
وەزارەتی ناوخۆ دەنگۆکانی بوونی بنکەی ئیسرائیلیشی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، قبوڵى ناکەن ناوى حەشدى شەعبی لە گرژییەکانەوە تێوەگلێنن، ئەگەر هەر بەڵگەیەک هەیە بۆ تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بە هێرشکردنە سەر هەولێر، داوا دەکەین بدرێتە لایەنە فەرمییەکانی حکومەت، ئەوان و دامەزراوە ئەمنییەکانی سازش لەسەر ئاسایشی عێراقییەکان ناکەن، دوودڵیش نابن لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی هەر لایەنێک هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بدات.
کەمێک لەمەوبەر دیسانەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوی گوتەبێژەکەی سودانی دایەوە و رایگەیاند، ساڵانی ڕابردوو بە دەیان جار هەرێمی کوردستان بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان کەوتووە، هەرچەندە ئاڕاستە و سەرچاوەی مووشەک و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ پێکهێنراوە، بەڵام نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكران و نە كەس سزا دەدرا.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێ، هەست دەکەن جۆرێک لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر زێدەڕۆییە ئەمنییەکان دژی هەرێمی كوردستان.