زووم..
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتی، زانیاری نوێی لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی گرووپێكی گەریلاکانی پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
دەم پارتی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، چاوەڕواندەکرێت گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرە لە چالاکییەکەدا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان هەنگاوبنێن، بۆ بەشداربوون لە چالاکییەکەش 15 بۆ 20 نووسەر بانگهێشتکراون.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، نووسەرانی بانگهێشتکراو لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان کە لەلایەن دەم پارتییەوە ڕێکخراوە، دەڕۆنە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر رۆژنامەنووسێکیش دەیەوێت رووماڵی چالاکییەکە بکات، پێویستە ناو، زانیاری دامەزراوە، وێنەی کارتی راگەیاندن، ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵیان بۆ دەم پارتی بنێرن، بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت، زانیارییەکان دەدرێنە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتریش کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکە و وردەکارییەکانی دەخرێنەڕوو.