زووم..
ماوەی سێ مانگە مامۆستا ئاڤێستا یوسف کەوتووەتە ناو رووباری تەنگاتوور لە مێرگەسوور و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، ئەمڕۆ بەرگریى شارستانیى سۆرانیش دوایین هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی ئەنجامدەدات.
بەرگریی شارستانیی سۆران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، ئەمڕۆ لە کۆتا رۆژى سێیەم مانگى گەڕانەکانیان، هەڵمەتێکى گشتگیر و چڕ بە بەشداریى 100 کارمەند و ئەفسەر کە دابەشکراون بۆ 20 تیم، گەڕان دەکەن بۆ دۆزینەوەى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا.
دەشڵێ، ئەم هەڵمەتە دەبێتە دواهەمین رۆژى گەڕانیان، ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێتەوە، بەشێوەیەکى فەرمى ئەو دۆسییەیە دادەخەن و کۆتایی بە گەڕان و پشکنینەکانیان دەهێنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو هەڵمەتەدا تەواوى تواناکانیان لەڕووى مرۆیی و ئامێر و کەرەستە بەردەستەکان بەکاردەهێنن.
لە پێنجی نیسانى ئەمساڵدا ئاڤێستا یوسفى تەمەن 27 ساڵ، کە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت چووبوونەدەرەوە، بەگوتەی کەسوکارەکەی لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی براکەی کەوتە ناو رووباری تەنگاتوور و تائێستا نەدۆزراوەتەوە.