زووم..
شەوی رابردوو وابڵاوکرایەوە دۆخێکی ئەمنیی ناجێگیر لە سنووری کفری و قەرەتەپە هەیە و سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر کێڵگەیەکی نەوتیدا بگرێت.
لەبارەی ئەم دۆخەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی حەفتا لە دوو راگەیەندراوی جیاواز رەتیان کردەوە هیچ هێزێک جووڵەی پێکرابێت و نیازێکی لەو شێوەیە هەبێت، بەڵام پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، رێککەوتنی زارەکیی کراوە بۆ راگرتنی هەر جووڵەیەکی سەربازی.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی حەفتا ئەو هەواڵانەیان رەتکردەوە باس لە جووڵەی هێز دەکەن و رایانگەیاند، ئەو ناوچانە بە هەماهەنگی و بە هاوبەشی لە نێوان هێزەکانی عیراق و پێشمەرگە دەپارێزرێت.
جیاواز لەم دوو راگەیەندراوە، کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەی ئاشکراکرد، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لەبارەی ئەو دۆخە بەدواداچوونی کردووە و رێککەوتنی زارەکی کراوە، هەر جووڵەیەکی سەربازی رابگیرێت.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە گەرمیانەوە بەزوومیان گوت، رۆژی پێنجشەممە تیمێکی وەزارەتی نەوتی عێراق ویستویانە بچنە کێڵگەی نەوتی قەنبەر لە نێوان کفری و قەرەتەپە، بەڵام رێگرییان لێکراوە، بەو هۆیەوە سوپا و حەشد خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە بەرامبەردا پێشمەرگەش دۆخی ئامادەباشیی وەرگرتووە، بەڵام هیچ جووڵەیەک نەکراوە.