زووم..
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، واژۆى لەسەر سەپاندنی رسوماتى نوێى گومرگیى بەسەر 12 وڵات کردووە، بە نامەى تایبەت بۆ هەموویان دەنێردرێت، جا ئەو وڵاتانە رازى دەبن یان نا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و دەستکارییان ناکرێت.
ترەمپ لەکاتى گەشتکردنى بۆ نیو جێرسى لەنێو فڕۆکەکەى قسەى بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، رۆژى دووشەممە سەرجەم رێژەى رسوماتى نوێى گومرگیى بۆ هەموو وڵاتەکان رادەگەیەنێت، زۆربەیان لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە مانگى نیسانى ئەمساڵ ترەمپ رێژەى رسوماتى گومرگیى بەسەر هاوردەى بەرهەمى وڵاتان بۆ ئەمریکا دەستکارى کرد بۆئەوەى هاوسەنگى بازرگانیى بۆ وڵاتەکەى بگەڕێنێتەوە، بەڵام ماوەى سێ مانگ جێبەجێکردنەکەى درێژکردەوە بۆئەوەى دەرفەت بدات بە وڵاتان دانوستانى لەگەڵ بکەن، تا ئێستا تەنیا لەگەڵ بەریتانیا گەیشتوون بە رێککەوتنى کۆتایى، دانوستانەکان لەگەڵ چین بەردەوامییان هەیە و کاتێکى زیاتریان دەوێت، دیپلۆماتکارانى ئەوروپاش دەڵێن، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەباشى بەڕێوەناچێت و پێویستیان بە کاتى زیاترە بۆئەوەى بگەنە رێککەوتن.