زووم..
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکەیان بە رووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران رایگەیەندراوێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای رەزامەندی لیژنەی هەماهەنگی فڕۆکەوانی مەدەنی بۆ بەدواداچوونی سەلامەتی دۆخی ئاسایشی ئاسمانی وڵات و بەگەڕخستنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی میهرئاباد و ئیمام خومەینی لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی باکوری رۆژهەڵات و باشوری ئێران، بڕیاریانداوە گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستپێبکرێتەوە.
دەشڵێت، گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئێران جگە لە هەردوو فڕۆکەخانەی ئەسفەهان و تەبرێز لە کاتژمێر 5ـی بەیانی تا 6ـی ئێوارە دەبێت و ئاسمانی رۆژهەڵاتی ئێرانیش بە رووی گەشتی ترانزێتدا کراوەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەوڵەکانیان بۆ دووبارە چاکردنەوەی ژێرخانی هەردوو فڕۆکەخانەی ئەسفەهان و تەبرێز بەردەوامە.
لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا تەواوی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێران راگیران.