زووم..
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر زیاتر لە 30 کەشتی و کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند، مامەڵەیان لەگەڵ ئێراندا کردووە، بازرگانێکی عێراقیی تێدایە، بەڕێوەبەری تۆڕێکی کۆمپانیاکانی فرۆشتن و ساغکردنەوەی نەوتی ئێرانە، ئەمریکا دەڵێ، نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە فرۆشتووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، گوتوویەتی، رێکاریان دژی ئەو تۆڕانە گرتووەتەبەر، لە ساڵی 2020ـەوە بە ملیاران دۆلار مامەڵەی گواستنەوە و کڕین و فرۆشتنیان بە نەوتی ئێرانەوە کردووە، لە بەرژەوەندیی فەیلەقی قودسی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران، کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
کەسێکی عێراقی بەناوی سالم ئەحمەد سەعید لەنێو سزادراوەکاندایە، وەزارەتەکە دەڵێ، عێراقییەکە بەڕێوەبەری تۆڕی فرۆشتنی نەوتی ئێرانە، لەڕێی تێکەڵکردنی بە نەوتی عێراق، نەوتە ئێرانییەکەی ساغکردووەتەوە، یاخود لەڕێی عێراقەوە، نەوتەکەی بەناوی نەوتی عێراقەوە بە کڕیارە ئەوروپییەکان و ئیمارات فرۆشتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سالم، بۆ ساغکردنەوەی نەوتی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە، چەندین ملیار دۆلار، بەرتیلی داوە بە بەرپرسانی دەستە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق لەبەرامبەر کۆدی ساختە، بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتی ئێران بفرۆشێک وەک ئەوەی نەوتی عێراق بێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هۆشداریی داوە، دەبێت هەموو جۆرەکانی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی نەوت لەگەڵ ئێران رابگیرێت، جەخت دەکاتەوە، هەر کەسێک بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێراندا بکات دەیخەنە نێو لیستی سزا توندەکانیانەوە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا، بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئێران بەردەوامە، ئەگەرچی لەماوەی جەنگی ئێران – ئیسرائیل مامەڵەکان راگیران، بەڵام دوای ئاگربەست، جارێکی دیکە بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەستی پێکردەوە.