زووم..
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا بە راسپاردەی رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆكۆماری توركیا رێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ دیجلە و فورات زیادكراوە.
رێژەی ئاوی بەردراوە لە رووباری دیجلە لە 66 مەتر سێجا لە چركەیدا بۆ 133 مەتر سێجا زیادبووە، ئاستی ئاوی رووباری فوراتیش زیادبووە، بەڵام ئاماژەی بەڕێژەكەی نەكردووە.
بەگوتەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە لە سنوورەكان چاودێریی رێژەی ئاستی ئاوەکە بكرێت، بەردەوام تیمەكانیان پێوانەی ئاوی گەیشتوو بە عێراق بكەن و تا بزانن لایەنی توركیا پابەندن بە بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ هەردوو رووبارەكە، یاخود نا.
ئاماژەی بەوەشداوە، زیادبوونی بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە بۆ عێراق لەسەر بنەمای ئەو رێكەوتنەیە لە سەردانەكەی مانگی نیسانی ساڵی رابردووی ئەردۆغان بۆ عێراق كراوە.
تورکیا رەزامەندی دەبڕیوە بە زیادكردنی رێژەی بەردانەوەی ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بۆ عێراق بەرێژەی 420 مەتر سێجا لە چركەیدا.