زووم..
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە چەند رێکارێک بۆ رێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەگرێتەبەر، ماوەی هەفتەیەکی دیاریکردووە، خاوەنی ئەو تۆمبێلانە زانیارییەکانیان تۆماربکەن.
لیژنەی ئەمنیی لەو سنوورە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێسەرەتایە و تا ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردان بکەن و بیانناسێنن و پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی هاتوچۆبن.
هەروەها لیژنەکە ئاگاداری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتا و ماتۆڕسکیلەکان دەکاتەوە نابێت بچنە سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە، ئۆتۆمبێلی جامڕەش ڕێگەپێدراو نییە و شوفێرەکەی رووبەرووی سزا دەکرێتەوە، ئەو ماتۆڕسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن، رێگەپێدراو نییە لە شەقامی سەرەکیدا ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن.