زووم..
دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرجدەكرێت كە لە مانگی تەممووزدا خانەنشینكراون، لە هەرێمی كوردستانیش ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەشێكی زۆری فەرمانبەران كە خانەنشینكراون نەك پاداشتی خزمەت هێشتا مووچەكەشیان بۆ نەبەستراوە.
حوسام عەبدولستار جێگری سەرۆكی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەڵێ، دەستەكەیان رێوشوێنەكانی خەرجكردنی پاداشتی كۆتایی خزمەتی خانەنشینی شارستانی و سەربازی ئەو كەسانەی تەواوكردووە وەك بەشێك لە مووچەی مانگی تەممووز.
دەشڵێ، ژمارەی ئەو كەسانەی پاداشتەكەیان بۆ كراوە، پێنج هەزار و 745 خانەشینە، هەركاتێك كورتەنامەی وەرگرتنی پاداشتەكەیان پێگەیشت، دەتوانن سەردانی بانك و نوسینگەكان بكەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەكەیان.
بەگوتەی جێگری سەرۆكی دەستەی خانەنشینی، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ خەرجکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، دوای 48 كاتژمێر لە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی.
خەرجكردنی پاداشتی خانەنشینی لە عێراق كە بەگوێرەی یاسای خانەنشنی یەكگرتوو، 12 مووچەی كۆتایی خزمەتی فەرمانبەرە ئەم لەكاتێكدایە كە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر بەگوێرەی ئەو یاسایە خانەنشینكران، بەڵام نەك پاداشتی خزمەتەكەیان پێنەدراوە، بەڵكو زۆرینەیان هێشتا مووچەی خانەنشینیان بۆ نەبەستراوە.