زووم..
رۆژنامەی تورکیە رایگەیاند، پرۆسەی رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە عێراق هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، “یەکێک لە بەرپرسە گرنگەکانی سوریا و قەندیل لەگەڵ ئۆجالان چاویان بەیەک کەوتووە، هیچ کێشەیەک لەبەردەم پرۆسەکەدا نییە، سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن لە عێڕاق هەموو ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی چەکەکان کۆتاییان هاتووە.”
هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی تورکگون باسی لەوە کردووە، گرووپێکی 50 کەسی لە نزیکی دهۆک لەسەر سنوری تورکیا بە ئامادەبوونی چاودێران، لەماوەی 10 رۆژدا چەکەکانیان رادەست دەکەن.
رۆژنامەکە دەشڵێت، سەرجەم چەکەکان تۆمار دەکرێن لەگەری بەرەوپێشچوونی ئەرێنیی دۆخەکە، تا مانگی ئەیلول پەکەکە سەرجەم چەکەکانیان دادەنێن.
پێشتر رۆژنامەی نەفەسی تورکیا بڵاویکردەوە چەکدانان لە پێنج خاڵی جیاوازدا بە چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
چەند رۆژێکە میدیای تورکیا باس لەوەش دەکات چەکدانان لە سنووری سلێمانی دەبێت و وەک نیازپاکییەک بۆ پرۆسەی ئاشتی چەند چەکدارێکی پەکەکە چەک دادەنێن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو 01-07-2025 میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، رێبەر ئەحمەد و بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆرانکارییەکانی ناوچەکە لەدوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا.