زووم..
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زیانەکانی بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ زۆر جددی و زۆر زۆر بوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئێران بە بۆمباران لەناوناچێت.
عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، گوتیشی: تەنانەت ئەگەر دامەزراوەکانیش زیانیان پێگەیشتبێت، زانایانی ئێران خاوەنی ئەو زانست و تەکنەلۆژیایەن کە دەتوانن بە خێرایی هەموو زیانەکان قەرەبوو بکەنەوە و چالاکییەکان دەستپێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران لە دوای هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و داڕشتنی سیاسەتەکانیاندایە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە چەکی ئەتۆمی بەگوێرەی فەتوای رێبەری باڵا، حەرامە و هیچ جێگەیەکی لە سیاسەتی ئاسایشی ئێراندا نییە.
عێراقچی هیواشی خواست کە جیهان، بەتایبەتی رۆژئاوا، مافی ئێران بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە تێبگات و قبووڵی بکات.