زووم..
تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین پوختەی راپۆرتی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی 2025 بڵاوکردەوە و بە گوێرى راپۆرتەکە، لەمانگی حوزەیرانی 2025 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان (32) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە.
هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە،(18) چالاكی لە سلێمانی، (8) چالاكی لە هەولێر، (1) چالاكی لە هەڵەبجە، (1) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، (4) چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراون.
راپۆرتەکە روونکردنەوەى لەسەر مەبەستى چالاکییەکان داوە و ئاشکرایکردووە، لەو ژمارەیە، (16) چالاكی بۆ مووچە، (9) چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، (3) چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، (1) چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، (3) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون.
هەروەها روونکراوەتەوە، بەهۆى چالاكییەكانەوە لە سلێمانی 81 مامۆستا و چالاكوان و كادری سیاسی و میدیاكار دەستگیركراون، پاشان ئازاد كراون، یەك ررودای رفاندیش لەلایەن هێزێكی دەمامكدار لە دهۆك تۆمار كراوە، پاش ئەشكەنجەدان ئازاد كراوە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، هەندێك لە دەستگیركراوانی شاری سلێمانی، بەهۆی تدووتیژی هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنیان ئاسەواری لێدان بە گیانیانەوە دیاربووە، هاوکات دوو حاڵەتی پەشیمانكردنەوە (ئەوەی لە ئاستی میللی پێدەوترێت رادیۆ) لە دهۆك تۆماركراوە، هەدوو هاووڵاتییەكە لێدوانی رەخنەگرانەیان بڵاوكرایەوە، دواتر لێدوانی پەشیمانبوونەوەیان بڵاوكرایەوە.
ئامارى راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، کە بەهۆی هەڵمەتەكانی رێگری و دەستگیركردن، مانگی حوزەیران خراپترین بووە بۆ ئازادی رادەربڕین، لەگەڵ ئەوەش بۆ یەكەمین جار بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لێبووردنی لە دەستگیركراونی سلێمانی كرد.
باس لەوەش کراوە، کە حوزەیران مانگێكی خراپ بوو بۆ پارێزبەندنی پەرلەمانتاران، (سیپان ئامێدی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی لە دهۆك رفێندرا، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان، لە سلێمانی دەستگیركرا.
تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.