زووم..
روانگەی سوری رایگەیاند، لەم مانگەدا هاوپەیمانان لە رۆژاڤا جموجوڵی چڕوپڕیان كردووە و 180 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنیان رەوانەی بنكە سەربازییەكانیان كردووە و بەرپەرچی ژمارەیەك هێرشی ئێرانیان داوەتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەم مانگە بۆ هاوپەیمانان لە رۆژاڤای كوردستان مانگێكی پڕ چالاكی و جموجوڵی سەربازی بووە، بە شێوەیەك یەكێك بووە لەو مانگانەی بۆ هاوپەیمانان لە سوریا زۆر ئاڵۆز بووە، بە پرۆسەی سەربازی دژی داعش و كێوماڵكردنی شانەكانیان و دواتریش بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەكییەكانی ئێران كۆتایی هاتووە.
روانگەكە دەشڵێ، لەم مانگەدا هاوپەیمانان 180 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازییان رەوانەی بنكە سەربازییەكانیان كردوە، كە 88ـیان لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانە كردووە، هەروەها هەشت پرۆسەی سەربازیان دژی داعش ئەنجامداوە و نۆ چەكداری داعشیان دەستگیركردوە، كە سەركردەشی تێدا بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە رۆژاڤا رووبەڕووی هێرشی ئێران بونەتەوە و لەو ماوەیەی جەنگەدا بەرپەچی حەوت هێرشی ئێرانیان داوەتەوە.