مۆندیالی قەتەر لە قۆناغەکانی کۆتایدایە، ئەمشەو قۆناغی پێش کۆتایی بە یارییەکی ئاگرین لە نێوان ئەرجەنتین و کرواتیا لەسەر یاریگای “لۆسێل” دەستپێدەکات.
ئەرجەنتین رێگایەکی دووری بڕى تا گەشتە چوارگۆشەی زێڕین
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رێگایەکی دووری بڕى تا گەشتووەتە چوارگۆشەی زێڕین، لە پاش دۆرانە شۆکهێنەرەکەی لە یاریی یەکەمی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە، دواتر بە زنجیرەییەک بردنەوەی یەک لە دوای یەک لە پۆڵەندا و مەکسیک و ئوستورالیا، شکستەکەی یاری یەکەمی لە بیرخۆی بردەوە. دواى ئەوەش لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا یەکسان بوو یارییەکە چووە لێدانی یەکلاکەرەوە، ئەرجەنتین بە زەحمەت توانیان یارییەکە ببنەوە خۆیان بگەیەننە چوارگۆشەی زێرین.
کرواتیا لەیەکەم یاریدا لەگەڵ مەغریب یەکسان بوو
بەهەمانشێوە هەڵبژاردەی کرواتیا لە یاری یەکەمی خۆیدا لە مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب” ئەسپی رەشی مۆندیال” یەکسان بوو، لە یاری دووەمدا لە هەڵبژاردەی کەنەدای بردەوە و لەگەڵ بەلجیکاش یەکسانبوو. دوو یاری دواتری کرواتیا لەگەڵ هەریەکە لە یابان و بەرازیل بوو هەردوو یارییەکە چووە کاتی زیادکراو و لیدانی یەکلاکەرەوە بەسەرکەوتنی کرواتیا کۆتاییان هات.
زیاتر لە یاریزانێک
ئەرجەنتین و کرواتیا پشتیان بە ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە بەستووە
هەندێک لە چاودێرانی وەرزش وەها تەماشای هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و کرواتیا دەکەن کە پشتیان بە یەک ئەستێرە بەستووە، میسی هەموو قورسای هەڵبژاردەکەی لەسەر شانی هەڵگرتووە و قورسای هەڵبژاردەی کرواتیاش لەسەر شانی مۆدریچە.
لیۆنێل میسی لە مۆندیالدا زۆرترین بەشداری لە هێرشی هەڵبژاردەکەی کردووە، یاریزانانی هەڵبژاردەکەش هاوکارییەکی زۆری میسی دەکەن هەرچەندە ئەو یاریزانانە لەسەر ئاستی جیهان ناودار نین، بەڵام ئەوان دەزانن چۆن یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەکەن .
هەڵبژاردەی کرواتیا تەنها پشت بە مۆدریچی تەمەن 37 ساڵ نابەستێت، هەرچەندە تێکرای تەمەنی یاریزانانی هەڵبژاردەی کرواتیا بەرزە، بەڵام نەبووەتە رێگر بۆ دابەزینی توانای جەستەی یاریزانەکان کە لە دوو یاریی رابردوودا 240 خولەک یارییان کردووە.
هەڵبژاردەی کرواتیا پشت بە توانای گۆڵپارێزە بە ئەزموونەکەی” لیڤاکۆفیتچ” دەبەستێت
هەڵبژاردەی کرواتیا پشت بە توانای گۆڵپارێزە بە ئەزموونەکەی” لیڤاکۆفیتچ” دەبەستێت کە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بردنەوەی کرواتیا لە هەڵبژاردەکانی بەرازیل و یابان، یەکێکی دیکە لە یاریزانە بە ئەزموونەکانی کرواتیا “دیان لۆفرینی” بەرگریکارە و لەگەڵ “جۆسکۆ خڤاردیول” ئەو یاریزانەی زۆربەی یانەکانی جیهان چاویان لەوەیە دوای تەواوبونی مۆندیال گرێبەستی لەگەڵ واژوو بکەن. هەریەکە لە یاریزانان “مارسیلیا بروزۆفیچ” و “ماتیو کۆفاسیچ” و “ئاندری کراماتیچ” و “ئیڤان بیریسیج” لەگەڵ مۆدریچی ئەستێرەدا هەوڵدەدەن بە جیهان بڵێن هەڵبژاردەی کرواتیا پشت بە یەک ئەستێرە نابەستێت.
ئەرجەنتین خاوەنی چەند یاریزانێکە لە یانە گەورەکان یاری دەکەن
هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش خاوەنی چەند یاریزانێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان یاریی دەکەن، لەسەروو هەموویانەوە “لیۆنێل میسی” هێرشبەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و “جۆلیان ئەلڤاریز”ی هێرشبەری مانچستەر سیتی و “ئەنخێل دیمارییا”ی یاریزانی یۆڤانتۆس و “لاوتارۆ مارتێنز”ی هێرشبەری ئینتەرمیلانی ئیتاڵییە. یاریزانانی دیکەى هەڵبژاردەکە لە یانە مامناوەندەکانی ئەوروپا یاریی دەکەن وەک بەنفیکا و ئیشبیلییە و ئەتلەتیکۆمەدرید و برایتۆن و ئەستۆنڤێلا.
لە پێکهاتەی ئەرجەنتین هیچ یاریزانێک هێندەی میسی بۆ هەڵبژاردەکە گرنگ نییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند یاریزانێک لە ریزی ئەرجەنتین یاریی دەکەن ریتمێکی جیاواز بە “سەماکەرەکانی تانگۆ” دەدەن وەک دوانەکەی ئەتلتەیکۆمەدرید ‘ناول مۆلینا و رۆدریگۆ دیپاول”، ئەلێکسس ماکالیستر یاریزانی برایتۆنی ئینگلیزی و ئینزۆ فێرناندیس ئەستێرەی بەنفیکا.
مێژوو چی دەڵێت لەسەر یارییەکە؟
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین توشی شکست نەهاتووە هەر جارێک لەم قۆناغەدا یاری کردبێت گەیشتووەتە یاری کۆتایی وەک لە مۆندیالەکانی 1930 و1978 و 1986 و 1990 روویدا.
هەڵبژاردەی کرواتیا ئەمە دووەمجارە دەگاتە قۆناغی چوار گۆشە زێرین جاری یەکەم لە مۆندیالی 1988 بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا توشی شکستهات، جاری دووەمیش مۆندیالی رابردوو بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یارییکرد و توانی خۆی بگەیەنێتە یاری کۆتایی.
هەڵبژاردەی کرواتیا و ئەرجەنتین لە میژوودا 5 جار روبەڕوی یەکتر بونەتەوە، هەردوو هەڵبژاردە خاوەنی دوو بردنەوە و یەک یەکسانبوونن، کۆتا روبەروبونەوەیان لە مۆندیالی رابردوو بوو کرواتیا بە ئەنجامێکی گەورە و بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر ئەرجەنتینی کردە دەرەوەى مۆندیالى روسیا.
یەک خەون
میسی و مۆدریچ رەنگە کۆتا جار بێت بەشداری مۆندیال بکەن
میسی تەمەن 35 ساڵ، بە ئەگەرى زۆرەوە ئەمە کۆتا جار دەبێت بەشداری مۆندیال بکات، بەهەمانشێوەی مۆدریچ و بەشێکی زۆری یاریزانەکانی کرواتیا تەمەن رێگەیان پێنادات بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکەن.
خەونەکەی میسی هەمان خەونی لۆکا مۆدریچی کرواتیا هەردووکیان بەدوای ئەوەن ناوی خۆیان بە ئاڵتون لە لاپەڕەکانی مێژووی مۆندیال بنووسنەوە، پێشئەوەی ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکەن، ئەمەش وا لە یاری نێوان دوو ئەستێرەکە دەکات، جەنگێک بێت بەبێ قبوڵکردنى شکست، چونکە دەرچوونی ئەمجارە لە مۆندیال دەرچونێکە بەبێ گەڕانەوە.