نیوەشەوە و شارى جوانڕۆى رۆژهەڵاتى کوردستان خرۆشاوە، مامۆستایەکى ئاینیی دیارى شارەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە: مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی، پێشنوێژ و گوتارخوێنى مزگەوتی “خاتەمولئەنبیای” شاری جوانڕۆ.
مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی، گوتارخوێنى مزگەوتی “خاتەمولئەنبیا” لە جوانڕۆ
رێکخراوەکانى مافى مرۆڤى رۆژهەڵاتى کوردستان دەڵێن، کاتژمێر 12 و 15 خولەکى بەرەبەیانى سێشەممە” هێزە ئەمنییەکانى ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵى مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی لە شارى جوانڕۆ.
بەگوێرەى زانیاریی رێکخراوەکان، هێزە ئەمنییەکان دەرگاى ماڵەکەیان شکاندووە و مەلا سەیفوڵڵایان دەستگیرکردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ فەرمانداریی جوانڕۆ هەروەها مامەڵەى توندیان لەگەڵ هاوسەرى مامۆستاکە کردووە و دەستێکیان شکاندووە.
خاتوون قادری، هاوسەرى مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی
هەواڵى دەستگیرکردنى مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی بەخێرایی بەنێو شارەکەدا بڵاوبووەوە، لە بڵندگۆى مزگەوتەکەیەوە داوا لە خەڵک کرا لە پێش بارەگاى فەرمانداریی جوانڕۆ کۆببنەوە.
لە گرتەڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت پاش کەمتر لە نیو کاتژمێر لەو بانگەوازە، سەدان کەس لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە و لە بەردەم فەرمانداریی شارەکە، ناڕازیەتى دەردەبڕن.
خەڵک لەگەڵ وتنەوەى “ئەڵاهوئەکبەر” داواى دەستبەجێ ئازادکردنى ئەو مامۆستا کوردە دەکەن و دەیانەوێت رێگریی بکەن لەوەى بگوازرێتەوە بۆ فەرمانداریی کرماشان.
بەڵام پاش تێپەڕینى زیاتر لە 12 کاتژمێر بەسەر دەستگیرکردنیدا، تائێستا چارەنووسى مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی، بە نادیارى ماوەتەوە.
ئەم مامۆستا ئاینییە کەسایەتییەکى دیارى شارى جوانڕۆیە و ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستانە، پێشتریش بەهۆى هەڵوێستەکانییەوە دەستگیرکراوە و بەندکراوى سیاسیی بووە.
پاش دەستگیرکردنەکەى شەوى رابردوویش، خەڵک لە جوانڕۆ و تەواوى رۆژهەڵات هاوسۆز بوون لەگەڵیدا، بەخێرایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە هەواڵى دەستگیرکردنى مەلا سەیفوڵڵا و ئەویان بە کەسێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز وەسفکردووە.