چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران و بەفر، تورکیا و باکوری کوردستانی گرتووەتەوە و لە ئەنتاڵیا بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆر مادی بەر خەڵک کەوتووە. لە چەند شارێکی باکوری کوردستانیش، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، رێگەی چەندین گوند و ناوچە داخراون.
ئەنتاڵیا
شەپۆلێکى بارانبارینى بەخور دوو رۆژە شارى ئەنتاڵیاى تورکیاى گرتووەتەوە، بەهۆیەوە لافاو دروستبوو و سەدان ماڵ و دوکان زیانیان بەرکەوتووە.
ئەنتاڵیا دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە، بەگوتەى بەرپرسانى شارەکە ئەو لافاوەى ئەمجارە، لە 50 ساڵى رابردوودا هاوشێوەى نەبینراوە.
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی ئەو شوێنانەى شارەکەى کرد، کە زیانیان بەرکەوتووە. ئەو رایگەیاند، 100 ماڵ، 497 ئۆتۆمبێڵ و 920 دوکان و کارگە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بەگوتەى وەزیری ناوخۆ روبەرێکی 55 هەزار دۆنمی ژێرئاوکەوتووە، تیمەکانى شارەوانی و خۆبەخشان هەوڵی پاککردنەوەى قوڕولیتەى نێو ماڵان و شەقامەکان دەدەن.
ئەرزەڕۆم
سەرماوسۆڵە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئەردەخان، ئاگری و قەرسی باکوری کوردستان، کاریگەری نەرێنیی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
لە پارێزگای ئەرزەڕۆم بەفربارین لە کاتەکانی بەیانییدا، پارک و باخچەکانی سپیپۆش کرد.
هاوڵاتیان بەفری سەر سەربان و بەردەم دووکانەکانیان راماڵی.
تیمەکانی شارەوانی، دەستیان بە خوێڕێژکردنی رێگاکان کرد بۆ ئەوەی بەهۆی بەفرەوە بەڕووی هاتوچۆدا دانەخرێن. ئاستی بەفری باریو لە ناوەندی شارەکە گەیشتووەتە 17 سانتیمەتر.
ئەردەخان
لە پارێزگای ئەردەخان بەفربارین شەقام و رێگاوبانەکانی داپۆشیوە، تیمەکانی شارەوانی لەسەر رێگا خێراکان دەستیان بە راماڵینی بەفر و خوێڕێژکردن کردووە.
نۆ گوندی ناوچەکە کە بەهۆی بەفرەوە بەڕووی هاتوچۆدا داخرابوون، لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە کرانەوە.
ئاگری و قەرس
لە ناوچەکە بەرزەکانی پارێزگای ئاگری، بەفر باری و سەرماوسۆڵە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتییان دروست کردووە.لە پارێزگای قەرس، کە لە دوو رۆژە بەفر دەبارێت، کەشوهەوایەکی سارد باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە.تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوە و راماڵینی بەفری کەڵەکەبووی رێگاوبان و شەقامەکانن.
ئاستی بەفری باریو لە ناوەندی شارەکە گەیشتووەتە 25 سانتیمەتر.