زووم..
رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، شوێنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی، کە رەنگە پیتێنراوبێت نازانن، دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی پێش هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان گوازراونەتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، پرسیار لە گرۆسی کراوە سەبارەت بە شوێنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران و رایگەیاندووە، ئەوان شوێنى ئەو یۆرانیۆمە نازانن.
گرۆسی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هیچ پێشبینییەکیش بۆ شوێنى ئەو یۆرانیۆمە ناکەین و گوتى: تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم، هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر شوێنی ئەم مادەیە لە ئێستادا.
بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممەى رابردوو سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەى سەرەکى ئەتۆمیی ئێران،، کە بریتیبوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
گرۆسی ئاماژەی بەوەشکردووە، بنکەى ئەتۆمیی نەتەنز یەکەم دامەزراوە بوو، بۆردومان کرا، بە گوێرەى زانیارییەکان “زیانێکی بەرچاو”ى بەرکەوتووە، بەتایبەتى زیان بەر یەکێک لە هۆڵەکانی سەنتەرفیوج کەوتووە، کە پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا ئەنجام دەدرا، باسى لەوەش کردووە، بنکەى ئەتۆمیى ئیسفەهانیش زیانی بەرکەوتووە، هەرچەندە تائێستا هیچ کەسێک نەچووەتە نێو هۆڵەکانەوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکە.
گرۆسی دووپاتیکردەوە، پێش هێرشەکان بەرپرسانی ئێران ئاگاداریان کردووەتەوە، رێوشوێنی خۆپارێزی دەگرنەبەر، کە “رەنگە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراویش لەو چوارچێوەیە بوو بێت”
گوتیشی، “باشترین رێگە بۆ ئەوەی بزانین ئەو یۆرانیۆمە لە کوێیە، ئەوەیە رێگە بدرێت بە زووترین کات چالاکییەکانی پشکنین دەستپێبکەنەوە، پێموایە ئەمە لە بەرژەوەندی هەمووان دەبێت”.
گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: گرنگترین شت ئەوەیە بزانم یۆرانیۆم گواستراوەتەوە یان نا و لە کوێیە، ئەرکی من ئەوەیە، حساب بۆ هەر گرامێک یۆرانیۆم بکەم لە ئێران و لە هەر وڵاتێکی دیکە.
لەلایەکى دیکە و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێک، کە تۆڕی هەواڵی ئەمریکی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو نەچووە و سەنتەرفیوچەکانى تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان ماون.