زووم…
رۆژنامە ئینگلیزیییەکان
ئای پەیپەر
بەریتانیا مووشەکی ئەتۆمی دەکڕێت
بەریتانیا دەستیکردووە بە ئامادەکاریکردن بۆ کڕینی 12 فڕۆکەی جەنگی کە توانای ئەوەیان هەیە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی هەڵبگرن.
لەودەمەوە کە جەنگی سارد کۆتایی پێهاتووە، ئەمە یەکەم جارە بەریتانیا باس لە تیۆری هەڕەشە دەکات و دەڵێ، پوتین مایەی هەڕەشەیە بۆ بەریتانیا.
ئەو فڕۆکانەی دەکڕدرێن جۆرێک لە کڵاوەی ئەتۆمییان لەسەرە کە ئەمریکا دروستیکردوون، بڕیارە فڕۆکەکان بدرێن بە ئەو هێزانەی بەریتانیا کە بەشداریی هێزە هاوبەشەکانی ناتۆ دەکەن.
هەندێک ژێردەریایی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی دابیندەکرێن، کە وەک هێڵی بەرگریی خۆپاراستنی بەریتانیا سوودیان لێ دەبیندرێت.
تایمز
ترەمپ لە ئێران و ئیسرائیل توڕەیە
ترەمپ دەڵێ، راگەیاندنی ئاگربەستەکەی دوێنێی نێوانی ئێران و ئیسرائیل، چاکەیەکە خۆی کردوویەتی، هەرچەندە دوێنێ زۆری نەمابوو لەلایەن هەردوولاوە ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت.
بەرەبەیانی زوو ئاگربەستەکە راگەیەندرا، زۆری نەمابوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوولا پێشێلیان کرد و کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکدییش.
ترەمپ ئەو دەمەی کە واشنتنی بەجێهێشت بۆئەوەی بەشداریی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ بکات لە لاهای، بە رۆژنامەنوسانی گوت، ئەم دوو لایەنە ماوەیەکی زۆرە شەڕی یەکدی دەکەن، هەرچی هێزیان هەیە بەکاریانهێنا، خۆیان نازانن چ کارێکی نەفرەتی دەکەن.
ساوز چاینە مۆرنینگ پۆست
چین مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدات
بۆ بەیادهێنانەوەی ساڵڕۆژی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، چین مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدات.
زەمینە و پانتایی ململانەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆر فراوان بونەتەوە، بە تایبەتییش هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوانی ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی زۆریان لەسەر ئەم بڕیارەی چین هەیە.
ئەمە دووەم جارە لە مێژوودا، چین بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی یادی کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە بکاتەوە. بڕیارە ئەو مانۆڕە رۆژی سێی مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە گۆڕەپانی تیانەنمین لە پەکینی پایتەخت ئەنجام بدرێت. دەساڵ پێش ئێستا نمایشێکی دیکە لە هەمان شوێندا ئەنجامدرا، ئەو رۆژەش ناولێنرا رۆژی سەرکەوتن.
گەڵف نیوز
ئیمارات 25 ملیۆن درهەم سزای پێبژاردنی سەپاند بەسەر 21 کەسدا
دەسەڵاتی هاونیشتمانێتی و نیشتەجێبوونی دوبەی لە رێگای دادگاوە سزای 21 هاوڵاتیی چەند وڵاتێکی جیاوازی دا، بڕی زیاتر لە 25 ملیۆن درهەمی ئیماراتیی بەسەرا سەپاندن. ئەم هەڵمەتەی بۆ دەستگیررکردن و سزادانی ئەم کەسانە ئەنجامدراوە یەکێکە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی ئەو قاچاخچییانەی لەم بوارەوە تێگلاون، هەر کۆمپانیایەکیش لەم بوارەدا هاریکاریی کردبن دادەخرێت. دکتۆر عەلی حومەید بین خاتەم راوێژکاری یاسایی باڵآ و سەرۆکی دەزگای مانەوە و هاوڵاتێتی دەڵێت گومانیان لە 33 کۆمپانیاش هەیە، لە ئێستادا دەیانەوێت بەڵگەیان لەسەر کۆبکەنەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەربازگەکانى تاجی و زیقار دەکات
محەمەد شیاع سودانی فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەری و هەواڵگریی ئاست بەرز دەرکردووە، بۆ بەدواداچوون لە هێرشەکانى ئەو درۆنە خۆتەقێنانەى دوێنێ چەند بنکەیەکى سەربازیی عێراقیان کردووەتە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەى هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانى بەرچاویان بە سیستەمی رادارەکانی سەربازگەى تاجی لە باکووری بەغداد و سەربازگەى ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار گەیاندووە.
دەستپێکردنى لێکۆڵینەوەیەکى ورد، دەستنیشانکردنی ئەنجامدەران ئەو داواکارییانە بوون کە سەرۆکوەزیران بەزوویی لە هێزە ئەمنییەکان داوای کردبوون.
شەرقلئەوسەت
ترەمپ فشار بۆ جێگیرکردنى ئاگربەست دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، فشاردەکات ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و ئێران جێگیر و بەردەم بێت و هیچ لایەکیان پیشێلی ئەو ئاگربەستە نەکەن.
دوای 12 رۆژ لە شەڕ و بۆردومان و مووشەکباران یەکتر، دوێنێ لەسەر داوا و فشاری ترەمپ ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر لە کاتژمێرەکانى سەرەتادا ترەمپ گازاندەى توندی لە تاران و تەلئەبیب کرد بۆ ئەگەری پێشێلکاریی.
هاوکات پیرۆزبایی لە هەردوولاکرد بۆ ملدانیان بە ئاگربەست و وەستاندنى ئەو شەڕەی لە 13ـی ئەم مانگەوە لەنێوانیان بەرپابوو.
قودسی عەرەبی
سوریا قوربانیانی تەقینەوەى کڵێساکە دەنێژێت و پاتریارک بەرپرسیاریی دەخاتە سەر شانى دەسەڵاتداران
کریستیانەکانی پارێزگاکانى دیمەشق و سوەیدای سوریا، تەرمی قوربانیانى تەقینەوەی کڵێسای مار ئەلیاس دەنێژن کە دوێنێ بە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا 25 کەسیان کوژران.
یوحەننای دەیەم پاتریارکی کریستیانە ئەرسەدۆکسییەکان، بەرپرسیارێتی ئەو کارەساتە خوێناوییەى خستە سەر شانى بەرپرسانى ئەمنیی سوریا.
لە ناوچەى دوەیلەعەی دیمەشق، لە کڵێسای مار ئەلیاس خۆکوژێک لە کڵێسای مارئەلیاس، بە چەکێکی ئۆتۆماتیکی تەقەى هەڕەمەکی بەسەر نوێژخوێنانى کڵێساکەدا کرد، دواتر خۆی تەقاندەوە، بەهۆیەوە 25 کەسی کوژرا و 63 کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرایای ئەنسار سوننە بەرپرسیاریی کارەخۆکوژییەکەى لە ئەستۆگرت
عەرەبی جەدید
جموجوڵ هەیە لەماوەى دوو رۆژدا دانوستانى غەزە دەستپێبکاتەوە
محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوزیرانى لوبنان، گوتى هیوامان هەیە لەماوەی دوو رۆژدا دەستبکەینەوە بە گفتوگۆ و دانوستانەکانى ئاگربەستی جەنگی غەزە.
گوتیشی، بەهیوان وەستانى شەڕی 12 رۆژەى ئیسرائیل و ئێران، کارێک نەکات تەلئەبیب ئەوەى هەیە بە غەزەى بڕێژێت.
بەرپرسانى میسریش بۆ رۆژنامەى عەربی جەدید ئاشکرایان کرد، کەناڵە دیپبلۆماسییەکانیان بۆ گەڕێکی دیکەى گفتوگۆ و دانوستان خستووەتە گەڕ.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاگاه
ئێران هێرشەکانمان بۆ سەر ئەمریکا سەرکەوتوو بووە
محەمەدساڵح جۆکار، نوێنەری پەرلەمان رایگەیاند، هێرش بۆ سەر ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
جۆکار جەختی کردەوە کە زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئیران خۆماڵییە و لەناو ناچێت و دامەزراوە زیانپێگەیشتووەکانی وزەی ئەتۆم بە خێرایی نۆژەن دەکرێنەوە.
جۆکار هۆشداریی دایە ئەمریکا کە پێگەی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە و ئیران توانای هێرشی زیاتریشی هەیە ئەگەر پێویست بکات.
یەکێک لە بژاردە جدییەکان بۆ ئیران، کشانەوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم.
ئەبرار
ئاگربەستەکە بۆ ئیسرائیل تاڵ و ئازاربەخشە و جەنگێکی نوێ روودەدات
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری جەنگی پێشووی ئیسرائیل رەخنەی لە ئاگربەستەکە گرت کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە بەسەر رژێمەکەیدا سەپێندرا.
ئەو کۆتایی جەنگەکەی بە تاڵ و ئازاربەخش وەسف کرد و گوتی، کە لەبری ملکەچبوونی بێ مەرج، جیهان دەچێتە ناو دانوستاندنێکی سەختەوە، لە کاتێکدا ئیران نیازی نییە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی، یان گرووپەکانی لە ناوچەکەدا ببێت.
وەزیری پێشووی جەنگی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە ئاگربەستێک بەبێ رێککەوتنێکی روون و یەکلاکەرەوە بەرەو جەنگێکی نوێ و خراپتر دەمانبات.
ئارمانی میللی
رۆحانی: ئاگربەست کۆتایی هەڕەشەکان نییە
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئیران رایگەیاند کە ئاگربەست نیشانەی کۆتایی هەڕەشەکانی ئیسرائیل نییە.
ئەو گوتی ئاگربەست دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ فێڵ و خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی دیکە و بۆیەش ئامادەیی تەواوی بەرگری و ئەمنی دەبێت بپارێزرێت و توانای بەرگری و متمانەی گشتی نۆژەن بکرێنەوە.
خوب
پەرلەمان: هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرا
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرا.
بە گوێرەی ئەم پرۆژەیاسایە، حکومەت ناچارە هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە رابگرێت، لەوانە کامێرای چاودێری و پشکنینەکان.
ئەم هەڵپەساردنە تا دڵنیابوون لە ئاسایشی تەواوی ناوەندە ئەتۆمییەکان بەردەوام دەبێت.
رەزایی ئاماژەی بە پێویستی رووبەڕووبوونەوەی رەفتارە دووفاقییەکانی ئاژانسەکە کرد لە بەرامبەر بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی ئیران.