سبەینێ هەفتەیەکى نوێى خولى ئەستێرەکان دەستپێدەکات و یارییەکى دواخراویش بەڕێوەدەچێت.
رابیتەى خولى ئەستێرەکانى عێراق خشتەى یارییەکانى هەفتەى 37 و پێش کۆتایى خولى ئەستێرەکانى عێراقى بڵاوکردەوە، کە سبەینێ چوارشەممە 25/6/2025 بە دوو یارى دەستپێدەکات.
کاتژمێر شەش و 30ى خولەکى ئێوارە، زەورا میواندارى مینا دەکات، کاتژمێر نۆى شەویش شورتە و حدوود لە یاریگاى یانەى یەکەم رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
هەر سبەینێ کاتژمێر حەوتى ئێوارە، یارییەکى دواخراوى هەفتەى 22ى خولەکە لە یاریگاى فرانسۆ هەریرى لە نێوان هەولێر و دهۆکدا بەڕێوەدەچێت.
پێنجشەممە هیچ یارییەک ناکرێت، بەڵام هەینى 27/6/2025 دوو یارى دیکەى هەفتەى 37 لەخۆدەگرێت، کاتژمێر نۆى ئێوارە نەفتى جنوب دەبێت بە میوانى دیالە، کەربەلاش لە یاریگاى خۆیدا بەرامبەر نەفت یارى دەکات.
لە رۆژانى شەممە و یەکشەممەى هەفتەى داهاتوو یارییەکان هەفتەى 37 بەردەوامدەبن، هەر وەک لە خشتەکەى خوارەوەدا روونکراوەتەوە.
شورتە بە دوو هەفتە پێش کۆتایى هاتنى ئەم وەرزەى خولى ئەستێرەکان نازناوەکەى لە سودى خۆى یەکلاکردەوە و بۆ چوارەم جار لەسەریەک بوو بە پاڵەوانى خولەکە.