زوومی کلتووری
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، حکومەتی بەریتانیا پلانی کەرتی پیشەسازییە داهێنانەکان وەک بەشێک لە ستراتیژی پیشەسازی حکومەتی ئەو وڵاتە بڵاو بکاتەوە.
لە پێناو گەشەی زیاتری پیشەسازی سینەما و فیلم و گەشانەوەی کلتووری، حکومەتی بەریتانیا پرۆژەیەکی گەورەی راگەیاند، پرۆژەکە بریتییە لە تەرخانکردنی بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بە ناوی ‘گەشەی شاشە’ بۆ پیشەسازییەکانی فیلم و تەلەفزێۆن و دانانی سندوقێکی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو شوێنانەی سەرقاڵی کاری داهێنانن.
لەگەڵ ئەوەی بەریتانیا لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا بە شێوەیەکی سەرسامکەر کۆمەڵێک لە بەناوبانگترین فیلم و زنجیرەکانی دنیای بەرهەمهێناوە، لەوانە فیلمەکانی وەک باربی و کیڵینگ ئیڤ و زنجیرەی تەلەفزێۆنی وەک ئادۆڵسێنسس و ساڵت بەرن. بەڵام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کیر ستارمەر، چاوی لەوەیە کەرتی هونەری و کلتووری وڵاتەکەی بەرەو داهاتوویەکی گەورە ببات و بۆ ئەمەش بوودجەیەکی زەبەلاحی تەرخانکردووە، ئامانج لەمەش بەرزکردنەوەی پێگەی بەریتانیایە وەک زلهێزێکی داهێنەری جیهانی تا ساڵی ٢٠٣٥.
لیزا ناندی، وەزیری ڕۆشنبیری ئەو وڵاتەش دەڵێت: دەیانەوێت بەریتانیا بکەنە، باشترین شوێنی دنیا بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە.
توخمە سەرەکییەکانی دەستپێشخەری ستراتیژی دارایی بریتین لە فراوانکردنی سندوقی شاشەی جیهانی بەریتانیا، لە هەمانکاتدا فراوانکردنی قوتابخانەی نیشتمانی فیلم و تەلەفزیۆن و پشتیوانی ستۆدیۆ وکەرتە تایبەتاکانی بەرهەمهێنانی فیلم، وە پەروەردەکردنی ٢٠٠٠ خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها فراونکردنی ئەکادیمیای فیلمی بەریتانی بە شێوەیەکی بەرچاو.