زووم..
سبەینێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی مووچە فەرمانبەران تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەى کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 10ـى پێنشوەڕۆ دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 12 بەردەوامدەبێت، پرسى دابەشکردنى مووچەى مانگى پێنجى مووچەخۆران تاوتوێدەکرێت.
لە کارنامەی کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیراندا هاتووە، لە بڕگەی یەکەمدا، تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی مووچەی مووچەخۆران، کە ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێکی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم راگیراوە، دوا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنى.
ئەوەش هاتووە، وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێک دەخاتەڕوو کە داهات و خەرجییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی چارەسەر و پێشهاتەکان.
لە بڕگەی دووەمیشدا، راپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران دەخرێتەڕوو.