خەڵاتى براوەى خولى ئەستێرەکان سێ ملیار دینارە و براوەى جامى عێراقیش یەک ملیار دینار بەدەستدەهێنێت.
سەرچاوەیەک لە یەکێتى تۆپى پێى عێراق ئاشکرایکردووە، یەکێتییەکە یانە بەشداربووەکانى خولى ئەستێرەکانى عێراقى لە خەڵاتە داراییەکانى خولەکە ئاگادارکردووەتەوە.
بەگوێرەى سەرچاوەکە، خەڵاتى براوەى نازناوى خولى ئەستێرەکان سێ ملیار دینار دەبێت، هاوکات خەڵاتى براوەى نازناوى جامى عێراقیش دەگاتە یەک ملیار دینار.
سەرچاوەکە باسى لەوەشکردووە، هەر یانەیەکى بەشداربووى خولى ئەستێرەکان 150 ملیۆن دینارى پێدەبەخشرێت، ئەمە بێجگە لەوەى هەر یاریزانێک دوو ملیۆن دینار وەردەگرێت لە لیستى هەر یانەیەکدا، کە لیستەکە لە 25 یاریزان پێکهاتووە.
ئەم وەرزەى خولى ئەستێرەکانى عێراق تەنیا دوو هەفتەى 37 و 38ى ماوە، یانەى شورتە نازناوەکەى لە سودى خۆى یەکلاکردووەتەوە، کە بۆ چوارەم جار لەسەریەک نازناوەکەى بەدەستهێنا.