زووم…
بڵند دلێر شاوەیس گوتارێکی لەبارەی کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی:
رێکەوتی 2025/6/22 هەریەک لە(د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، د. مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) کۆبونەوەیەکی چوار قۆڵییان ئەنجامدا، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە وەڵامدانەوەی داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.
لە وەڵامدا چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پابەند بێت بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی و جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات، هەروەها كێشەکانی دیکە بە پێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
پرسی مووچهی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر
بەمشێوەیە بێت پرسی مووچهی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر، سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە پرۆسەی (توطين) و تەسلیم کردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی ههرێم بە حکومەتی فیدراڵی، بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی و یاسای بودجەی فیدراڵی.
ئەوەی شایانی باسە لە رۆژی 2024/2/21 دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیارێکی دەرکرد لە داوای ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادیة/2023)، بڕیارەکە ناسرا بە بڕیاری(توطين).
بڕیارەکە بریتی بوو لە پێنج بڕگە:
1ـ پابەندکردنی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (توطین رواتب) ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لە فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەلایەن بانکەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو بڕە پارەیەی مووچەش لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت بە پێی یاسای بودجەی ئەو ساڵە و ساڵەکانی دوایی، لەگەڵ پابەندکردنی لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێم بە هەماهەنگی کردنی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بێگەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد.
هەروەها پێویستە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵ ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی بەجێگەیاندنی پرۆسەی (التوطین) ئەنجام بدەن تا مووچەخۆران لە شوێنی نیشتەجێبونیان مووچەکانیان وەربگرن لە رێگای ئەو بانکانەوە یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێم کراونەتەوە و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، لەگەڵ پابەندبونی بەرپرسانی وەزارەت و دەزگا حکومیەکانی هەرێم بە دروستی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم پرۆسەیە.
بەمشێوەیەش لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەکە لە بری ئەوەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بەڕێگای قەرز مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لە رێگای سیستەمی بانکییەوە دەینێرێت و مووچەخۆر لەبری ئەوە بەشێوەیەکی دەستی مووچە وەربگرێت لەڕێگای ئەژماری بانکییەوە مووچەکەی وەردەگرێت.
2- سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لەکاتی داواکردنی تمویل کردن پابەند دەبن بە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک هەر وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ….
3- پابەند کردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەسلیم کردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە خەزێنەی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای (قانون الادارة المالیة الاتحادیة) و وردبينی کردنی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم داهاتانە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری و دارایی هەرێم بە پێی(م١٢)ی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2023، یاسای بودجەی ساڵەکانی (2023، 2024، 2025).
4- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە رێگەدان بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە وردبینی هەژمارە بانکییەکانی هەرێم لە لای بانکی ناوەندی و وردبینی لیستی موچەخۆران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم.
5- خاڵی پێنجەم تایبەت بوو بە رسومات و تێچووی داواکە.
ئەوەی جێگەی داخە هەموو ئەم بارگرانی و پابەندیانەی خراونەتە سەر هەرێمی کوردستان لەئەنجامی ناشارەزایی نوێنەرانی کورد لە حکومەتی فیدراڵ و ناکارامەیی ئەندامانی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بێ توانایی تیمە دانوستانکارەکانی هەرێمە لەگەڵ بەغدا.