زووم..
سوپای پاسدارانی ئێران بەیانى ئەمڕۆ شەپۆلى 21ـەمینى مووشەکەکانى بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و دەڵێت، چەندین ئامانجی ستراتیجیمان لە سەرتاسەری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئێران بە 15 مووشەکی بالیستى هێرشى کردووەتە سەر ئیسرائیل و پێنج مووشەکیان بە سیستمى بەرگریدا تێپەڕبوون و هەندێک ناوچەیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەى کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، مووشەکێکی ئێران وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە کێشەى پچڕانى تەزووی کارەبا لە ناوچەکانى باشووری ئیسرائیل دروستبووە و کارەباى هەشت هەزار ماڵ بڕاوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، بۆ ماوەى 20خولەک زەنگی ئاگادارکردنەوەى هێرش لێدراوە ئەکەش لە سەرەتای شەڕەوە درێژترین ماوەیە ئیسرائیلییەکان لە پەناگەدا بمێننەوە.
سوپاى پاسداران هێرشەکانى بۆ سەر ئیسرائیل لەژێر ناوى ئۆپراسیۆنى بەڵێنى راست سێ بەڕێوەدەبات، ئیمان تاجیک، گوتەبێژى ئۆپراسیۆنەکە لە پەیامێکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە هێرشەکانیاندا مووشەکى فرەکڵاوەى خەیبەر ئێچیان بەکارهێناوە، جگەلەوەى سود لە مووشەکەکانى عیماد و فەتاحیش وەرگیراوە، بەڵێنیشدا ورتر و کاریگەرتر لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.