زوومی کلتووری
ستیڤن گرام نووسەر و ئەکتەری سەرەکی نێو زنجیرەی پڕبینەری “ئادۆلێسنس” ـی نێتفلێکس، کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا باس لەوەدەکات هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبوون بەمشێوەیە زنجیرەکەیان دەنگدانەوەی هەبێت، هەروەها باس لە پاڵنەرەکانی نووسین و درووستکردنی ئەم زنجیرەیە دەکات و دەیبەستێتەوە بە ژیانی راستی خۆیەوە.
ئەم ئەکتەرە وەک زنجیرەکە دوو منداڵی هەیە، کچێكی ٢٠ ساڵ و کوڕێکی ١٨ ساڵ، لەبارەی منداڵەکانییەوە دەڵێ، هەموو ڕۆژێک پێیاندەڵێم کە چەندە خۆشم دەوێن.
گرام باس لەوەشدەکات، چەند ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک دەیەوێت لە ماڵ بچێتە دەرەوە، ماچی روومەتی کوڕەکەی دەکات و لەباوەشی دەگرێت، لەوکاتەدا هاوڕێیەکی کوڕەکەی لە ماڵیان دەبێت، ئەو کوڕە پێیدەڵێ، هەرگیز باوکی بەوشێوە نەبووە لەگەڵی و هەرگیز نە لە باوەشی گرتووە نە پێی گوتووە خۆشی دەوێت، ئەمە دەبێتە سەرەتای دروستبوونی زنجیرەی هەرزەکاری و بیرۆکەکەی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت.
لەبارەی نواندنە سەرنجڕاکێش و مانادارەکەی لەنێو زنجیرەکەدا، گرام گوتیشی، بەردەوام بیری لە کوڕەکەی دەکردەوە و ئەوی لە پێش چاو بوو، ئەوەی کردوویەتی ئەو پێی بەخشیووە.