زووم..
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی زانیاریی لەبارەی شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پەناگەیەکی نهێنی دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە.
بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە.
هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت.