زووم..
کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی لەزاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، چەند رۆژێک پێش هێرشەکان، ئێران هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە، ئەگەر بیەوێت وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج ئەوا شانە نووستووە تیرۆرستییەکانیان لەناو ئەمریکا چالاکدەکەن.
کەناڵەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵێت، ئەم زانیارییە بە نامەیەک لەڕێی نێوەندگیرێکەوە لە لوتکەی کۆمەڵەی حەوت (جی 7) لە کەنەدا گەیشتووە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەو بەرپرسانە بە ئێن بی سی نیوزیان گوتووە، بەرپرسانی باڵای نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا و ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکا کۆبوونەتەوە، کاریگەریی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا و دەرئەنجامەکانیان تاوتوێکردووە.
بەرپرسێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بە ئێن بی سی نیوزی گوتووە، رێکاری توند گیراوەتەبەر، رێژەی فەرمانبەرانی نووسینگەکەیان زیادکردووە و بەردەوام چاودێریی زانیارییە هەواڵگرییەکان دەکەن.
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە ئەمریکا بە بەشداری 125 فڕۆکە و چەند ژیردەریاییەک هێرشیکردە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و دوای هێرشەکەش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە.