زووم..
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە چین دەکات هاوکاریی تاران بکات بیر لە داخستنی گەرووی هورمز نەکاتەوە وەک تۆڵەی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
مارکۆ روبیۆ بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکای گوتووە، داوا لە حکومەتی پەکین دەکات پەیوەندیی بە تارانەوە بکات گەرووی هورمز دانەخات، چونکە چین بۆ دابینکردنی نەوت و وزە، بەشێوەیەکى بەرچاو پشت بە گەرووەکە دەبەستێت.
روبیۆ دەشڵێت، ئەگەر تاران دەست بۆ ئەو بژاردەیە ببات، وەک هەڵەیەکی گەورەی دیکە لەسەری ئەژمار دەکرێت، دەشبێتە خۆکوژیی ئابووری بۆیان، ئەمریکاش بژاردەی دیکەى هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داخستنى گەرووی هورمز.
گەرووەکە بەگرنگترین رێڕەوی ئاوی ئەژماردەکرێت، بەشێوەیەک رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت کە دەکاتە پێنج یەکى نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.
لەسەر ئەگەرى داخستنى گەرووی هورمز، دوێنێ لیژنەى ئەمنی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆدەنگییەک لە پەرلەماندا هەیە بۆ بڕیاری داخستنی گەرووەکە، دوایین بڕیاریش دەگەڕێتەوە بۆ عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران.